کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراق وردەکاریی پێدانی قەرز بە بێکاران ئاشکرا دەکات

03-12-2025
گەشاو خالید
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراق دەستپێشخەرییەکی نوێی بۆ کەمکردنەوەی رێژەی بێکاری راگەیاند، بریتییە لە پێدانی قەرزی بێ سوود بەو کەسانەی وەکو بێکار ناویان تۆمار کراوە، بۆ ئەوەی ئۆتۆمبێلی نوێی گواستنەوەی سەرنشین بکڕن.
 
رۆژی سێشەممە، 2-12-2025، حەسەن خەوام، گوتەبێژی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئامانج لەم دەستپێشخەرییە دابینکردنی هەلی کارە بۆ زۆرترین گەنجی بێکار و کەمکردنەوەی گوشارە لەسەر کەرتی گشتی."
 
بە گوێرەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، قەرزەکە دەدرێت بەو بێکارانەی لە بنکەی زانیاریی وەزارەتدا تۆمارکراون بۆ کڕینی ئۆتۆمبێلی نوێی گواستنەوەی سەرنشین کە شوێنی 11 بۆ 21 کەسیان دەبێتەوە.
 
سەبارەت بە مەرجەکانی وەرگرتنی قەرزەکە، حەسەن خەوام دەڵێت: "پێویستە ئەو کەسە لە بنکەی زانیاریی فەرمانگەی کار وەک بێکار تۆمارکرابێت، تەمەنی لەنێوان 18 بۆ 55 ساڵ بێت و مۆڵەتی شۆفێریی هەبێت."
 
بە گوێرەی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراق، قەرزەکان هیچ سوودێکیان لەسەر نییە و دانەوەیان ساڵانە دەبێت، فەرمانگەی کار و راهێنانی پیشەیی لە رێگەی سندووقەکانی پڕۆژە بچووکەکانەوە سەرپەرشتیی دەستپێشخەرییەکە دەکات، بە هاوئاهەنگی لەگەڵ ئەو کۆمپانیایانەی ئۆتۆمبێلەکان بۆ گواستنەوەی فەرمانبەران، قوتابیان و خەڵک لە رێگەی ئەپڵیکەیشنێکی ئەلیکترۆنییەوە بەکاردەهێنن.
 
حەسەن خەوام هەروەها گوتی: "یەکێک لە لایەنە ئەرێنییەکانی ئەم دەستپێشخەرییە، کەمکردنەوەی قەرەباڵخیی هاتووچۆیە لە رێگەی هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەت، زانکۆ و قوتابخانەکان بۆ گواستنەوەی بەکۆمەڵی فەرمانبەر و خوێندکارەکانیان، دابینکردنی هەلی کارە بۆ گەنجان و کەمکردنەوەی داواکاری دامەزراندنە".
 
رۆژی سێشەممە 2-12-2025 ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کۆبووەوە، دەستپێشخەری وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی بوو بۆ پێدانی قەرز بەو کەسە بێکارانەی کە ناویان لە وەزارەتەکە تۆمارکراوە، پەسندکرا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەکە بە ژیریی دەستکرد دروستکراوە.

رێکخراوێکی ئەڵمانی بە 3000 یۆرۆ پاڵپشتیی جووتیاران و باخەوانانی هەرێمی کوردستان دەکات

رێکخراوێکی ئەڵمانیی داوا لە باخەوانان و جووتیارانی هەرێمی کوردستان دەکات، فۆڕمێک پڕبکەنەوە بۆ ئەوەی سوودمەندبن لە پێدانی 3 هەزار یۆرۆ. بەڕێوەبەری پڕۆژەکە دەڵێت: "50 جووتیار و باخەوان و 20 رێکخراوی پشتیوانی لە جووتیاران پارەکەیان پێدەدرێت".