پێشبینیی کەشناسان: بارانێکی گشتگیر تەواوی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە

02-12-2025
سۆران حوسێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

دوو لە کەشناسە دیارەکانی هەرێمی کوردستان پێشبینی دەکەن سەرەتای هەفتەی داهاتوو شەپۆلێکی بارانبارینی "گشتگیر و باش" تەواوی باشووری کوردستان بگرێتەوە و لە چەند ناوچەیەکیش مەترسی لافاو دروستبکات.
 
د. لوقمان موفتی، شارەزای کەشناسی ئەمڕۆ سێشەممە بەتۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "شەپۆلی بارانەکە بەهێزە و تەواوی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و لە سێ بەشی سەرەکی پێکدێت".
 
موفتی پێشبینی دەکات: "7ـی ئەم مانگە و رۆژانی دواتری ناجێگریی کەشوهەوا هەرێمی کوردستان بگرێتەوە. پێدەچێت ئاستی ئاوی زێی گەورە تەواو بەرزببێتەوە و مەترسی لەسەر پڕۆژە نزیکەکانی دروست بکات".
 
محەممەد کەمال، شارەزایەکی دیکەی کەشوهەوایە و ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "شەپۆلەکە حەوتی مانگ سەرەتای دەبێت و 14ـی مانگ دوایین رۆژ دەبێت، بەڵام بارانەکە ناوبەناو دەبێت، رۆژانی هەشت و نۆی مانگ چڕی شەپۆلەکە دەبێت و ئەگەری لافاو لە چەند ناوچەیەک دروست دەکات".
 
بەگوێرەی پێشبینییەکانی ئەو کەشناسە، "مەترسی لافاو لە ناوچەکانی پارێزگای کەرکووک، دەشتی هەولێر و دەوروبەری هەولێر، ئیدارەی گەرمیان و بادینان هەیە".
 
محەممەد کەمال گوتیشی، لەو شەپۆلەی بارانباریندا هەر ناوچەیەکیش مابێ وەکو دەشتی هەولێر و بەشێکی گەرمیان، کە پەڵەیان نەداوە پەڵە دەدات.
 
کەشوهەوای ئەمڕۆ و سبەی
 
لەبارەی کەشوهەوای ئەمڕۆ سێشەممەوە، کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "ئاسمان کەمێک پەڵەهەور دەبێت، بەراورد بە دوێنێ پلەی گەرما دوو بۆ سێ پلەی سیلیزی دادەبەزێت".
 
کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "سبەی ئاسمان ساماڵ دەبێت، لە شەودا دەگۆڕێت بۆ نیمچەهەور، لە هەندێک ناوچە هەوری تەواو دەبێت، بەراورد بە ئەمڕۆ پلەی گەرما نزمتر دەبێتەوە".
 
بەگوێرەی کەشناسی، سبەی لە باشووری کوردستان پلەی گەرما بەمشێوەیە دەبێت:
 
هەولێر: 18 پلەی سیلیزی
سلێمانی: 18 پلەی سیلیزی
دهۆک: 17 پلەی سیلیزی
زاخۆ: 18 پلەی سیلیزی
کەرکووک: 19 پلەی سیلیزی 
هەڵەبجە: 16 پلەی سیلیزی
سۆران: 16 پلەی سیلیزی
ئاکرێ: 18 پلەی سیلیزی
ئامێدی: 14 پلەی سیلیزی
گەرمیان: 20 پلەی سیلیزی

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

چەکدارێکی سووریا لە تانکەکەیەوە هاتووەتە دەرەوە.

بەریتانیا سزای بەسەر ژمارەیەک سەرکردە و گرووپی چەکداریی سووریا دا سەپاند

حکومەتی بەریتانیا سزای بەسەر 6 کەسایەتی و 3 گرووپی چەکداریی سووریادا سەپاند، لەنێویاندا ژمارەیەک لە گرووپە چەکدارەکانی ئۆپۆزیسیۆنی پێشوو و بازرگانانی نزیک لە حکومەتی بەشار ئەسەد، ئەمەش بەهۆی تێوەگلانیان لە "سەرکوتکردنی خەڵکی سڤیل و تووندوتیژیی تائیفی".