رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان تەقینەوەکانی دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممەی شاری کرمانی ئێرانی سەرکۆنە کرد و بە "هێرشی ترسنۆکانە" ناوی بردن.
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس رایگەیاند، "سەرکۆنەی هێرشی ترسنۆکانەی شاری کرمان دەکەم. پرسە و سەرەخۆشی لە بنەماڵەی قوربانییان و حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران دەکەم و هاوخەمیانم. هیوای زوو چاکبوونەوەش بۆ بریندارەکان دەخوازم".
دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە، دوو تەقینەوە لە نزیک گۆڕی قاسم سولەیمانی لە شاری کرمانی ئێران روویاندا، بەپێی میدیای فەرمی ئێران، تائێستا 103 کەس کوژراون و 188 کەس بریندارن.
ئەمڕۆ چوارەم ساڵڕۆژی کوژرانی قاسم سولەیمانی، بەرپرسی پێشووی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران بوو و ژمارەیەکی زۆر خەڵک چوونەتە سەر گۆڕەکەی لە شاری کرمان.
سەرەتا میدیاکانی ئێران بڵاویانکردەوە، ئەوەی روویداوە تەقینەوەی بوتڵی غاز بووە لە نزیک مزگەوتی "ساحێب زەمان"، کە لەسەر رێگەی گۆڕستانەکە هەڵکەوتووە. دواتر راگەیێنرا تەقینەوەکان لەڕێگەی بۆمبی چێنراو بوون.
لە یەکەم کاردانەوەی فەرمیدا، رەحمان جەلالی، جێگری پارێزگاری کرمان بۆ کاروباری سیاسی و ئەمنی رایگەیاند، "تەقینەوەکان بە بۆمبی چێندراو کراون و تیرۆریستین".
تائێستا هیچ لایەنێک بەرپرسیارێتیی خۆی لەو دوو تەقینەوەیە رانەگەیاندووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ