رووداو - هەولێر
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا پیرۆزبایی جەژنی قەوڵتاس لە کاکەییەکان دەکات و دەڵێت: "هەرێمی کوردستان وەک هەمیشە بە لانەی ئارامی پێکەوەژیان و چەتری کۆکەرەوەی هەموو پێکهاتەکان دەمێنێتەوە."
ئەمڕۆ شەممە (3-1-2026)، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پەیامێکی بەبۆنەی جەژنی سێ شەوەی یاران (قەوڵتاس) بڵاوکردەوە و پیرۆزبایی لە تەواوی کاکەییەکان (یارسانی) لە هەرێمی کوردستان، عێراق و جیهان کرد.
نێچیرڤان بارزانی لە پەیامەکەیدا، کاکەییەکانی بە "پێکهاتەیەکی رەسەن و دێرینی ئەم نیشتمانە" وەسف کردووە و دەڵێت: "هەمیشە نموونەی جوانی لێبووردەیی، ئاشتیخوازی و نیشتمانپەروەری بوون و بە درێژایی مێژوو پارێزگارییان لە ناسنامە و ئایین و کولتووری خۆیان کردووە."
سەرۆکی هەرێمی کوردستان جەخت دەکاتەوە بەردەوام دەبن لە پشتیوانیکردنی مافەکانیان و پاراستنی تایبەتمەندیی ئایینی و کۆمەڵایەتییان.
دەقی پەیامەکەی نێچیرڤان بارزانی:
هاتنەوەی جەژنی سێ شەوەی یاران قەوڵتاس، به گهرمى و له دڵهوه له تەواوی خوشک و برایانی کاکەیی (یارسانی) لە هەرێمی کوردستان، عێراق و جیهان پيرۆز دەکەم. هیوادارم جەژنێکی ئارام و پڕ لە خۆشی و كامهرانى بهسهربهرن.
هاووڵاتييانى کاکەیيمان وەک پێکهاتەیەکی رەسەن و دێرینی ئەم نیشتمانە، هەمیشە نموونەی جوانی لێبووردەیی، ئاشتیخوازی و نیشتمانپەروەری بوون. بە درێژایی مێژوو، سەرەڕای ئاڵنگاری و ناهەموارییەکان، پارێزگاریيان لە ناسنامە و ئایین و کولتووری خۆيان کردووە و لە بەرگریکردن لە کوردستاندا قوربانیيان داوە.
لەم بۆنەیەدا، هەموو هاووڵاتييانى کاکەیيمان دڵنیا دەکەینەوە کە هەرێمی کوردستان وەک هەمیشە بە لانەی ئارامی پێکەوەژیان و چەتری کۆکەرەوەی هەموو پێکهاتهکان دەمێنێتەوە. بەردەوام دەبین لە پشتیوانیکردنی مافەکانیان و پاراستنی تایبەتمەندیی ئایینی و کۆمەڵایەتییان.
جەژنی قەوڵتاس لە هەمووان پیرۆز بێت، هەموو ساڵێک بە خۆشی و کامەرانی.
نێچیرڤان بارزانی
سەرۆکی هەرێمی کوردستان
2026/1/3
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ