سبەی مووچەی پەروەردە دابەش دەکرێت؛ مامۆستایانی ناڕازی دەڵێن لە بایکۆت بەردەوام دەبن

03-02-2024
سۆران حوسێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
نزیکەی پێنج مانگە بایکۆتی قوتابخانەکان لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی ناوچەکە بەردەوامە. بەرپرسێکی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان دەڵێت، سبەی مووچە دەدرێت و چاوەڕوانن قوتابخانەی زیاتر بکرێتەوە. نوێنەرێکی مامۆستایانی ناڕازیش دەڵێت، "بۆ مووچە بایکۆتمان نەکردووە تاوەکو بە مووچە بیشکێنین".
 
چوار مانگ و 20 رۆژە ساڵی خوێندنی 2023 - 2024 دەستیپێکردووە، بەڵام بەشێکی مامۆستایان لە پەروەردەکانی سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و هەردوو ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و راپەڕین و پەروەردەی کۆیە بایکۆتی دەوامیان کردووە و ناوبەناو خۆپیشاندان دەکەن، بڕیارە سبەی لە سلێمانی و دوو سبەی لە شارەکانی دیکەی سنوورەکە خۆپیشاندان بکەن.
 
رۆژی شەممە 03-02-2024 عەبدولواحید محەممەد، جێگری سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە بەشێکی قوتابخانەکان دەوام ئاسایی بووەتەوە، بەڵام بەشێکی قوتابخانەکان هێشتا بایکۆتی تێدایە و دەوام نەکراوەتەوە".
 
بڕیارە سبەی یەکشەممە مووچەی وەزارەتی پەروەردە دابەش بکرێت. جێگری سەرۆکی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان گوتی، "ناڕەزایی مامۆستایان بەردەوامە، سبەی مووچە دێت و چاوەڕوانی ئەوە دەکرێت دوای دابەشکردنی مووچە مامۆستای زیاتر بگەڕێنەوە بۆ قوتابخانەکان".
 
محەممەد کەمال، نوێنەری مامۆستایانی وانەبێژ لە سلێمانی کە بەشێکی سەرەکین لەو مامۆستایانەی بایکۆتیان کردووە، ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ناڕەزایی ئێمە بەردەوامە؛ سبەی لەبەردەم پەروەردەی رۆژئاوا لە سلێمانی خۆپیشاندان دەکەین و دوو سبەی لە شارەکانی دیکە".
 
محەممەد کەمال دەڵێت، ئەوان بۆ مووچە بایکۆتیان نەکردووە تاوەکو بە مووچە بیشکێنن. گوتیشی، "پێشتریش مووچە دوادەکەوت، بەڵام هەردەهات و بایکۆتیش بەردەوام بوو. ئێمە داوای دامەزراندنی وانەبێژان و پلەبەرزکردنەوەی دامەزراوان دەکەین، داوای مووچە پاشەکەوتکراوەکان و مووچەی سێ مانگی پار دەکەین".
 
ئەو نوێنەرەی مامۆستایان گوتی، دەوام لە بەشێکی قوتابخانەکانی نێو شاری سلێمانی لە هەردوو پەروەردەی رۆژهەڵات و رۆژئاوا دەستیپێکردووەتەوە، بەڵام "لە زۆرینەی شار و شارۆچکەکان بایکۆت بەردەوامە و تەنیا قوتابیانی پۆلی 12 دەخوێنن".
 
لە پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک، هەردوو ئیدارە سەربەخۆکانی سۆران و زاخۆ خوێندن ئاساییە و وەرزی یەکەمی خوێندن کۆتایی هاتووە و وەرزی دووەم دەستیپێکردووە.
 
لەبارەی چارەنووسی وەرزی یەکەمی خوێندنی ئەو سنوورانەی بایکۆتیان تێدایە، عەبدولواحید ئەحمەد، جێگری سەرۆکی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان گوتی، خشتەیەکی نوێ دانراوە کە لە کۆتاییەکانی مانگی رابردووەوە وەرزی یەکەم دەستیپێکردووە و مانگی ئادار تەواو دەبێت؛ کۆتایی هەمان مانگ وەرزی دووەم دەستپێدەکات و 30ـی ئایاری 2024 کۆتایی بە خوێندن دێت.
 
یەکێک لە گوشارەکان بۆ کردنەوەی قوتابخانەکان و ناچارکردنی مامۆستایان بۆ گەڕانەوە بۆ ناوەندەکانی خوێندن، بەنەهاتوو هەژمارکردنی هەر مامۆستایەکە لە بەشێکی سنووری پەروەردەکان، ئەویش بە ئامانجی گەڕانەوەی زۆرترین مامۆستا بۆ قوتابخانەکان.
 
لە هەرێمی کوردستاندا نزیکەی ملیۆنێک و 800 هەزار قوتابی هەن؛ بەهۆی بایکۆتی مامۆستایانەوە لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، هەروەها ئیدارەکانی گەرمیان، راپەڕین و پەروەردەی کۆیە، نزیکەی 700 هەزار قوتابی، کە دەکاتە نزیکەی ٪40ـی کۆی قوتابییان دەوامیان نەکردووە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 دیمەنێکی سەنتەری شاری ئاکرێ. وێنە: بڵند تاهیر- رووداو

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ: پێویستمان بە 7000 پارچە زەوییە بۆ دابەشکردن

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ رایدەگەیێنێت، رێکارەکانی دابەشکردنی زەوی دەستیپێکردووە و لە قۆناخی یەکەمدا دوو هەزار و 500 پارچە زەوی ئامادەیە. دەشڵێت، بە بڕیارێکی وەزارەتی شارەوانی، دروستکردنی خانوو لە 22 گوند راگیراوە.