وەزارەتی دارایی: چاوەڕوان دەکرێت لە نزیکترین کاتدا مووچەی مانگی یەک بنێردرێت

03-02-2025
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان دەڵێت، دوای 15 رۆژ کارکردنی بەردەوام، دواجار توانرا لەگەڵ بەغدا لەسەر شایستەکانی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2025 بگەنە رێکكەوتنی کۆتایی. دەشڵێت، چاوەڕوان دەکرێت لە نزیکترین کاتدا مووچەی مانگی یەک بنێردرێت.
 
وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا، ئەمڕۆ دووشەممە رایگەیاند، دوای 15 رۆژ کاری بەردەوام لەنێوان شاندە تەکنیکیەکانی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ بۆ چارەسەرکردنی کێشە تەکنیکیەکان و جێبەجێکردنی داواکارییەکان و ئامادەکردنی خشتەکان لەبارەی لیستی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان و هێزە سەربازی و ئەمنییەکان و سوودمەندانی چاودێری کۆمەڵایەتی، دواجار توانرا هەردوولا لەسەر شایستەکانی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2025 بگەنە رێکكەوتنی کۆتایی.
 
وەزارەتی دارایی ئاماژە بەوە دەکات، لە کۆبوونەوەیەکدا کە رۆژی دووشەممە، 3ی شوباتی 2025، لە بینای ئەنجوومەنی ئابووریی عێراق بەڕێوەچووە، شاندی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری و ئامادەبوونی هەریەک لە د. ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران، د. ئامانج رەحیم سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران، د. عەبدولحەکیم خەسرەو، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی بەدواداچوون، فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی هەرێمی کوردستان لە بەغدا و خالید هادی چاوشلی، راوێژکار لە ئەنجوومەنی وەزیران بەڕێوچوو، "شاندی هەرێمی کوردستان سوپاسی هەوڵەکانی بەڕێزان محەمەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق و دکتۆر فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆکوەزیرانی عێراق و خاتوو تەیف سامی، وەزیری دارایی حکومەتی فیدراڵیان کرد کە هاوکار و هەماهەنگ و پشتیوان بوون بۆ ئەوەی لەسەر شایستەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2025 بگەنە رێكکەوتن".
 
وەزارەتی دارایی هەروەها سوپاسی دەستەی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و فراکسیۆنە جیاوازەکانی ناو پەرلەمانی عێراق دەکات کە "هاوکار و پشتیوان بوون بۆ پەسندکردنی هەمواری یاسای بودجە بەتایبەت بڕگەی تایبەت بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان".
                                                            
 
لەبارەی مووچەی مانگی 1ی 2025ـەوە، وەزارەتەکە باس لەوە دەکات، تیمە تەکنیکیەکانی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان سەرقاڵی تەواوکردنی رێکارەکانی ناردنی تەمویلی مووچەی مانگی یەکی ساڵی (2025)ن و "چاوەڕوان دەکرێت لە نزیکترین کاتدا تەمویلەکە بخرێتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان و بە گەیشتنی تەمویلەکە راستەوخۆ دەست بە دابەشکردنی مووچە دەکرێت".
 
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەیدا، وەزارەتی دارایی دەڵێت، شاندی دانووستانکاری هەرێمی کوردستان لە تەواوی کۆبوونەوەکان ئامادەیی خۆیان بۆ بەردەوامیدان بە جێبەجێکردنی ئەو پابەندییانە دووپات کردەوە کە دەکەوێتە سەر شانی هەرێمی کوردستان، ئەوەش لەپێناو ئەوەی "کێشەکانی ساڵی رابردوو لە بواری لیستی مووچە و خشتەکان و تەمویل و تەرخانکردن و پابەندییەکانی هەرێم دووبارە نەبنەوە و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان وەک تەواوی مووچەخۆرانی ناوچەکانی دیکەی عێراق لە کاتی خۆیدا و بەبێ کێشە مووچەکانیان بەتەواوی وەربگرن".
 
بەر لە راگەیێندراوەکە، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە بەغدا رایگەیاند، "لەگەڵ عێراق رێککەوتین مووچەی ئەم ساڵ بەبێ گرفت خەرج بکرێت".
 
گوتیشی، "دەتوانین بڵێین بۆ ساڵی 2025 کێشەی مووچەخۆران کۆتایی هاتووە، بۆ مانگی یەک سبەی و دووسبەی بەرنامەی دابەشکردنی مووچە دەستپێدەکات، هیوامان وایە ئەمە دواجار بێت کە مووچەی مووچەخۆران پێویستی بە هەواڵ بێت، چونکە مووچەخۆران نزیکەی 12 ساڵە لە نەهامەتیدان؛ بەخۆشحاڵییەوە دەتوانین بڵێین ئەو کێشانە کۆتاییان هات".

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 دیمەنێکی گشتیی دهۆک. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

شارەوانیی دهۆک: تاپۆکردنی خانووە زێدەڕۆکان دەستپێدەکاتەوە

نزیکەی پێنج مانگە راییکردنی مامەڵەی تاپۆکردنی خانووە زێدەڕۆکانی دهۆک بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران وەستاوە. گوتەبێژی شارەوانیی دهۆک دەڵێت، "شەممە بە نووسراو ئاگادرکراینەوە کە دەستپێدەکاتەوە."