کۆمیسیۆن دەرگەی خۆتۆمارکردن بەڕووی هاوپەیمانێتییە سیاسییەکاندا دەکاتەوە

03-03-2024
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ  

کۆمیسیۆنى هەڵبژاردنەکانى عێراق 10 رۆژى وەکو ماوەی تۆمارکردنى ناوى هاوپەیمانێتییەکان بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان دیاریکرد. بەگوتەى بەرپرسانی کۆمیسیۆن، ئەو وادەیە بۆ ئەو پارتانەیە کە پێشتر لە هەولێر و بەغدا تۆمارکراون.
 
3ى ئادارى 2024، کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق ماوەی تۆمارکردنى هاوپەیمانێتییەکانى بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان دیاریکرد کە لە 5ى ئادار بۆ 14ى ئادارى 2024ـە. 
 
کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانی عێراق دەڵێت، ئەو ماوەیە درێژ ناکرێتەوە و پرۆسەى تۆمارکردنەکەش لە فەرمانگەى کاروبارى پارت و رێکخراوە سیاسییەکان لە بەغدا و نووسینگەکانى لە پارێزگاکانى هەرێمى کوردستان دەبێت. 
 
عیماد جەمیل، سەرۆکى تیمى رۆژنامەڤانیى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت، تۆمارکردنى ئەو هاوپەیمانێتییانە بۆ ئەو پارتە سیاسییانەیە کە لە هەرێمى کوردستان و بەغدا تۆمارکراون. 
 
ئەو هەنگاوەى کۆمیسیۆن دواى ئەوە هات، ئەمڕۆ یەکشەممە، 3ى ئادار، نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان فه‌رمانى هه‌رێمیى بۆ دياريكردنى رۆژى هه‌ڵبژاردنى داهاتووى په‌رله‌مانى كوردستان واژۆ كرد کە رۆژى 10-6-2024ـە.
 
جومانە غەلاى، گوتەبێژى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، پڕۆسەى تۆمارکردنى ناوى هاوپەیمانێتییەکان بۆ ئەو پارتە سیاسییانەیە کە پێشتر تۆمارکراون، بەڵام ناوتۆمارکردنى پارتى نوێ لە لاى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکان بەردەوام دەبێت بۆ ئەو پارتانەى کە دەیانەوێت بەشدارى لە هەڵبژاردن بکەن و پێشتر تۆمارنەکراون. 
 
بەگوێرەی زانیارییەکانى تۆڕى میدیایی رووداو، تاوەکو ئێستا 38 پارتى سیاسى ناویان تۆمارکراوە؛ 21یان لەلایەن وەزارەتى ناوخۆى هەرێمى کوردستانەوە مۆڵەتیان پێدراوە و 17ـەکەی دیکەیان لە فەرمانگەى پارت و رێکخراوە سیاسییەکانى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکان ناوى خۆیان تۆمار کردووە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی کەنەکە

کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان: دەبێت زمانی کوردی لە دەستووری سووریادا جێگیر بکرێت

لیژنەی زمان، کولتوور و پەروەردەی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (KNK) بە بۆنەی رۆژی جیهانیی زمانی دایک کە هاوکاتە لەگەڵ 21ـی شوبات، راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا دەڵێ، پاراستنی زمانی کوردی بە هەموو زاراوەکانییەوە تەنیا پرسێکی ئەکادیمی نییە، بەڵکو پرسێکی نیشتمانی و مان و نەمانە