رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسانی پەروەردە و یەکێتیی مامۆستایان دەڵێن، دەنگۆی بڕینی 150 هەزار دینار لە مووچەی مامۆستایان "ناڕاستە".
بەرپرسێکی باڵای پەروەردەی سلێمانی ئەمڕۆ یەکشەممە، 03ـی ئاداری 2024، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "نازانین ئەو دەنگۆیانە لەکوێوە دێن؟ ئێمە بەگوێرەی داواکاریی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان، لیستی مووچەی مانگی شوباتمان ناردووە و هیچ بڕگەیەک نەبووە باس لە بڕینی 150 هەزار دینار مووچە بکات".
بەرپرسەکەی پەروەردەی سلێمانی گوتی، بەگوێرەی ژمێریاریی پەروەردە و ئەو داوایەی لەوان کراوە، "هیچ بڕگەیەک نییە باس لە بڕینی پارە بکات".
یەکێتیی مامۆستایانی کوردستانیش بەدواداچوونی بۆ بابەتەکە کردووە.
ئەحمەد گەرمیانی، سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ساڵانی رابردوو بە دوو شێوە بڕە پارە بۆ مامۆستایان زیاد کراوە؛ ساڵی 2012 بۆ تەواوی مامۆستا و فەرمانبەرانی پەروەردە 150 هەزار دینار زیاد کرا. ئەوە پەرلەمانی عێراق بڕیاری لێدا و لە هەرێمی کوردستانیش جێبەجێ کرا. ئەوە بەهیچ شێوەیەک ناگۆڕدرێت".
سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایان باسی لەوەشکرد، دەرماڵەیەکی دیکەی مامۆستایان هەیە و مامۆستایانی پلە حەوت و پلە هەشت لەسەر داوای ئەوان، پێش بڕیارەکەی حکومەتی عێراق لە ساڵی 2012، بەهۆی کەمیی مووچەیانەوە یەکی 100 هەزار دیناریان بۆ زیاد کرا؛ مامۆستایانی پلە پێنج و شەشیش یەکی 50 هەزار دیناریان بۆ زیادکرا.
لەبارەی چارەنووسی ئەو دەرماڵەیەی بەشێکیان 50 هەزار و بەشێکیان 100 هەزاریان بۆ زیاد کراوە، ئەحمەد گەرمیانی گوتی، "ئەوان ئەگەر لەژێر ئەو ناوەشدا نەبێت، دەرماڵەی دیکەیان بۆ داواکراوە".
ئەوە لەکاتێکدایە، هەینیی رابردوو وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لە رێگەی فۆڕمێکەوە داوای لە تەواوی وەزارەت و دەستەکان کرد، زانیاری لەبارەی مووچەخۆرەکانیانەوە بە رێنووسی عەرەبی بنێرن، ئەویش بەمەبەستی ناردنی بۆ وەزارەتی دارایی عێراق بۆ ناردنی پارە بۆ مووچەی شوباتی هەرێمی کوردستان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ