نرخی ئەمپێری موەلیدە لە هەولێر بەرزترینە و لە هەڵەبجە نزمترین

03-03-2024
سۆران حوسێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لە هەولێر کەمترین نرخی ئەمپێری موەلیدە 12 هەزار و زۆرترین 21 هەزار دینارە؛ نرخەکە لە دهۆک دەگاتە 19 هەزار و لە هەڵەبجەش 14 هەزار دینار. سەرۆکی کۆمەڵەی موەلیدە ئەهلییەکانی سلێمانیش دەڵێت، ئەمڕۆ نرخ دیاری دەکەن.
 
لە هەولێر موەلیدەکان بە چەند خشتەیەک کار دەکەن؛ ئەوانەی 24 کاژێر لە نەبوونی کارەبای نیشتمانیدا کار دەکەن، نرخیان زیاترە، ئەوانەش کە رۆژانە چەند کاژێرێک کارەبای نیشتمانیش نەبێت کار ناکەن، نرخی ئەمپێریان کەمترە.
 
ئەندازیار قارەمان مەولوود، بەرپرسی لیژنەی موەلیدە ئەهلییەکانی هەولێر ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لەو گەڕەکانەی موەلیدەکانیان 24 کاژێر کاریان نەکردووە، کەمترین نرخی ئەمپێر بۆ مانگی شوبات 12 هەزار دینار و بەرزترین نرخیش 17 هەزار و 500 دینارە.
 
ئەو گەڕەکانەی هەولێر موەلیدەکانیان 24 کاژێری کاریان کردووە، کەمترین نرخی ئەمپێر 17 هەزار و 750 دینار و زۆرترینش 21 هەزار دینارە.
 
لە سلێمانی ئەمڕۆ یەکشەممە نرخی ئەمپێری موەلیدە دیاریکرا، کە چەند جۆرێکە بەگوێرەی کاتەکانی کارکردن.

عوسمان محەممەد، سەرۆکی کۆمەڵەی موەلیدە ئەهلییەکانی سلێمانی بە رووداوی گوت، "ئەمپێری ماڵان لە 11 هەزار و 750 دینارەوە دەستپێدەکات بۆ 13 هەزار دینار؛ بازرگانیش لەنێوان 16 بۆ 17 هەزار دیناردایە".

لە سلێمانیش کۆمەڵێک لە موەلیدەکان 24 کاژێر کاردەکەن لە نەبوونی کارەبای نیشتمانی، نرخی ئەمپێر لای ئەوان بەرزترە و  دەگاتە 19 هەزار دینار.
 
لە هەڵەبجە هەموو موەلیدەکان بە یەک خشتە کارەبا دەدەنە هاونیشتمانیان. زوهرە یوسف، سەرپەرشتیاری لیژنەی موەلیدە ئەهلییەکان لە قایمقامیەتی هەڵەبجە ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "نرخمان بە فەرمی رانەگەیاندووە، بەڵام بۆ مانگی رابردوو یەک ئەمپێر لەنێوان 13 هەزار بۆ 14 هەزار دینار دەبێت."
 
لەنێو شاری دهۆک موەلیدەکان لە نەبوونی کارەبای نیشتمانیدا 24 کاژێر کاردەکەن. هەکار هرووری، بەرپرسی لیژنەی موەلیدە ئەهلییەکانی دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "مانگی رابردوو موەلیدەکان نزیکەی 460 کاژێر کاریان کردووە، بەوەش نرخی یەک ئەمپێر کارەبا لەنێوان 18 هەزار و 500 دینار بۆ 19 هەزار دینار دەبێت."
 
نرخی ئەمپێری کارەبای موەلیدە بۆ مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵ لە هەولێر لەنێوان 12 هەزار بۆ 21 هەزار و 500 دینار؛ لە سلێمانی له‌نێوان 13 هەزار و 500 دینار بۆ 22 هەزار و 250 دینار؛ لە دهۆک لەنێوان 19 هەزار بۆ 21 هەزار و 500 دینار و لە هەڵەبجەش لەنێوان 14 هەزار و 500 دینار بۆ 15 هەزار و 500 دینار بوو.
 
بەگوێرەی رووپێوییەکی دەستەی ئامار، ساڵی 2021 لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە حەوت هەزار موەلیدەی ئەهلی هەبوون و کارەبایان داوەتە زیاتر لە ملیۆنێک و 311 هەزار هاوبەش، کە زۆرترینیان لە سلێمانی و کەمترینیش لە دهۆک بوون.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی ئەنەکەسە

ئەنەکەسە لە عەفرین: چۆڵنەکردنی خانووی کورد لەلایەن عەرەبەکانەوە گەڕانەوەی 400 خێزان دوادەخات

وێڕای رێککەوتنی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و حکومەتی سووریا و بڕیاردان بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکانی عەفرین، ئەندامێکی ئەنەکەسە لە عەفرین دەڵێ، تاوەکو ئێستا رێگەخۆشنەکراوە بۆ گەڕانەوەی هەموو هاونیشتمانییان بۆ زێدی خۆیان