رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی کەمبوونەوەی کاژێرەکانی پێدانی کارەبای نیشتمانی، لە ئێوارەی ئەمڕۆوە موەلیدە ئەهلییەکان لە هەولێر و سلێمانی دەست بە کارکردن دەکەنەوە. لە هەولێر نرخی هەر ئەمپێرێک بە 5 هەزار دینار دیاریکراوە و لە سلێمانیش کارکردنی موەلیدەکان لە دوو کاتی جیاوازدا دەبێت.
خۆران خۆرانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی موەلیدە ئەهلییەکانی هەولێر لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 12:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات، رایگەیاند: "خشتەیەکی نوێمان بۆ کارکردنی موەلیدەکان داناوە؛ لە کاژێر 5ـی ئێوارەوە تاوەکو 6ـی بەیانی، هەرکاتێک کارەبای نیشتمانی بڕا، موەلیدەکان کارەبا دەدەنە هاونیشتمانیان."
سەبارەت بە نرخی کارەباکەش، خۆران خۆرانی گوتی: "بۆ هەر ئەمپێرێک بڕی پێنج هەزار دینار دیاریکراوە. هەروەها موەلیدەکانی ناوبازاڕ لە کاژێر 10ـی بەیانییەوە تاوەکو 1ـی شەو کار دەکەن."
ئاماژەی بەوەش کرد، 90٪ـی موەلیدەکان ئامادەن و هەر هاونیشتمانییەک کێشەی پێدانی کارەبای هەبێت، دەتوانێت پەیوەندییان پێوە بکات بۆ ئەوەی کارەباکەی بگوازرێتەوە سەر نزیکترین مۆلیدە.
هاوکات لە سلێمانی، فازڵ عومەر، قایمقامی قەزای مەڵبەندی سلێمانی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، مۆلیدەکان بە هەمان میکانیزمی پێشوو دەست بە کارکردن دەکەنەوە.
بەگوێرەی بڕیارەکە، کاتی کارکردنی موەلیدەکان لە سلێمانی بەمشێوەیە دەبێت:
لە کاژێر 4ـی پاشنیوەڕۆ (16:00) تاوەکو 1ـی شەو.
لە کاژێر 4ـی بەرەبەیان تاوەکو 5:30ـی بەیانی.
لەو ماوەیەدا هەرکاتێک کارەبای نیشتمانی بڕا، موەلیدەکان کارەبا بە هاونیشتمانیان دەدەن.
سەبارەت بە هۆکاری تێکچوونی دۆخی کارەبا، ئەندازیارێک لە وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بەرهەمهێنانی کارەبای نیشتمانی بۆ 1400 مێگاوات کەمبووەتەوە، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی پێدانی کارەبا بە هاونیشتمانیان بۆ یەک تاوەکو پێنج کاژێر کەم ببێتەوە."
ئەم بڕیارانە لە کاتێکدایە کە لەگەڵ گۆڕانی وەرز و زیادبوونی خواست لەسەر کارەبا، سیستمی وزە لە هەرێمی کوردستان رووبەڕووی گوشارێکی زۆر دەبێتەوە و هاونیشتمانیان بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییەکانیان پشت بە مۆلیدە ئەهلییەکان دەبەستن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ