رووداو دیجیتاڵ
سوپای پاسدارانی ئێران دەڵێت، لە پارێزگای ئیسفەهان درۆنێکی ئیسرائیلییان لە جۆری 'هێرمێس' پێکاوە و تێکیان شکاندووە. دەشڵێت: "لە سەرەتای شەڕەکەوە تاوەکو ئێستا 21 درۆنی ئیسرائیلیمان خستوونەتە خوارەوە."
رۆژی سێشەممە، 3ـی ئاداری 2026، سوپای ساحیبوزەمان، کە لقی سوپای پاسدارانە لە پارێزگای ئیسفەهان، لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکەیان درۆنێکی ئیسرائیلییان لە ئاسمانی شاری 'خومەینی شەهر' کردووەتە ئامانج.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی سوپای پاسداران، درۆنە تێکشکێندراوەکە لە جۆری 'هێرمێس' بووە. هاوکات گرتە ڤیدیۆیەکی ساتی کەوتنەخوارەوەی درۆنەکە بڵاوکراوەتەوە کە تێیدا دەردەکەوێت ئاگری گرتووە و بەرەو زەوی دەبێتەوە.
سوپای پاسداران ئاماژەی بەوەش کردووە، سیستمی بەرگریی ئاسمانیی ئێران لە ئامادەباشیی تەواودایە بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا و رایگەیاندووە: "لە سەرەتای دەستپێکی شەڕەکەوە تاوەکو ئێستا، 21 درۆنی ئیسرائیلی لە ناوچە جیاجیاکانی ئێران تێکشکێندراون."
ئێران دەڵێت، درۆنێکی ئەمریکیان لە ئیسفەهان خستووەتە خوارەوە؛ ببینە چۆن دەسووتێ pic.twitter.com/2UBQHcG7C1
— Rudaw (@Rudawkurdish) March 3, 2026
لە رۆژی شەممە، 28ـی شوباتی 2026ـەوە، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشێکی بەرفراوان و هاوبەشیان بۆ سەر چەندین ناوەندی هەستیار لە ناوخۆی ئێران دەستپێکردووە.
لە بەرامبەردا، سوپای پاسدارانی ئێران بە چەندین شەپۆلی مووشەکی بالیستی و درۆنی خۆکوژ، بنکەکانی ئەمریکا لە وڵاتانی کەنداو و چەند ئامانجێکی ناو ئیسرائیلی کردووەتە ئامانج.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ