رووداو دیجیتاڵ
لە نێوەڕاستی ساڵی 2021وە رێگەپێدان بە دروستکردنی خانوو لەسەر زەوییە کارتەکانی گەڕەکی ژینی دارەتوو راگیراوە، تەنانەت تەواوکردنی ئەو خانووانەش راگیراون کە بەشێکیان لێ دروستکراوە، سەرۆکی شارەوانیی دارەتووش رایدەگەیێنێت داوایان کردووە رێگە پێدان بە تەواوکردنی خانووەکان بدرێت و دەشڵێت: "پشتیوان بە خودا ئەم جەژنە دەکەین بە دوو جەژن بۆیان".
لە بەرنامەی (بەرپرسیار)ی تۆڕی میدیایی رووداو کە رۆژانە لەکاژێر 17:00 شەهیان تەحسین پێشکەشی دەکات، بە میوانداری سۆران جەلال، موختاری گەڕەکی ژینی دارەتوو، عەبدوڵڵا بەکر، نیشتجێی گەڕەکەکە و رەوەند قادر، سەرۆکی شارەوانیی دارەتوو ئەو پرسە تاوتوێی کرا.
سۆران جەلال، موختاری گەڕەکی ژینی دارەتوو، لەبارەی بڕیاری راگرتنی دروستکردنی خانووەکانی ئەو گەڕەکە دەڵێت: "خەڵک بە گشتی گلەییان لە بڕیارەکە هەیە، لە کاتێکدا 350 مۆڵەتی دروستکردنی خانوو هەن کە زەوین، جگە لەو زەویانە نزیکەی 130 خانووش هەن هەیکەلن، رێگە بەوانیش نادرێت تەواوی بکەن".
بە گوتەی موختاری گەڕەکی ژین، زەوییەکانی ئەو گەڕەکە نزیکەی "10 هەزار پارچە زەوی دەبێت، 3 هەزار خانوو بە رێوشێنە یاساییەکان دروستکراون، ئێستاش نووسینگە بۆ تاپۆکردنی ئەو زەویانە کراوەتەوە، 2949 پارچە زەوی فەرمانی تاپۆکردنیان دەرچووە، هەر 10 هەزار پارچە زەوییەکەش رێگەپێدانیان هەیە بۆ ئەوەی بکرێنە خانوو، ئێسا خاوەنی ئەو زەوییانە و ئەوانەی هەیکەلیشن ناتوانن خانووەکانیان تەواو بکەن و زەوییەکانیان بکەنە خانوو، خۆشیان لەنێو خانووی کرێ دادەنیشن".
هەر لەبارەی کێشەکان عەبدوڵڵا بەکر، کە نیشتەجێی گەڕەکەکەیە، ئاماژە بەوە دەدات: "کەسی وا هەیە خانووی خۆی فرۆشتووە و هاتووە لە گەڕەکی ژین زەویی کڕیوە و هەیکەلیشی دروستکردووە، بەڵام دوای ئەوەی بڕیاری راگرتنی ئەو خانووانە درا، ئێستا ئەو کەسە هەم خانووەکەی پێشتری لەدەست نەماوە کە فرۆشتوویەتی و ئەوەی دیکەش حکومەت رێگەی پێنادات تەواو بکات".
بە گوتەی عەبدوڵڵا بەکر لەو کێشەیە "ئەم دەست و ئەو دەستیان" پێدەکرێت و دەڵێت: "چووینەتە لای سەرۆکی شارەوانیی دارەتوو، دەڵێت لە دەست ئێمە نییە، تەلەفۆنم بۆ وەزیری شارەوانی کردووە دەڵێت خوا شاهێدە ئاگام لەو کێشەیە نییە، تەلەفۆنم بۆ پارێزگاری هەولێر کردووە، دەڵێت چارەسەری کێشەکە لای کاک سەرتیپە، تەلەفۆن بۆ کاک سەرتیپ دەکەین دەڵێت عایدی پارێزگایە".
گەڕەکی ژینی دارەتوو زەوییەکانی کارتن و هێشتا نەبووەتە تاپۆ، ئەمە هۆکاری رێگەپێنەدانە بۆ دروستکردنی خانووە لەو گەڕەکە. بەڵام عەبدوڵڵا بەکر دەڵێت: "هەزار خانوو لەو گەڕەکە بەو کارتانە دروستکراون و جادەی قیر و قوتابخانە و خزمەتگوزارییەکانیشیان بۆ بردوون، باشە ئێستا بە چ پاساوێک دروستکردنیان راگیراوە، ئەگەر بەناوی تاپۆکردنە، بەڵام لەو کاتەوەی بڕیارەکە دەرچووە لە 05-07-2021 تاوەکو ئیستا یەک خانووش تاپۆ نەکراوە".
رەوەند قادر، سەرۆکی شارەوانیی دارەتوو ئاماژە بەوە دەدات، لەوکاتەوەی فەرمانگەیەک دروستکراوە بۆ ئەوەی زەوییە کارتەکان بکرێن بە سەنەد ئەمەش نەک تەنیا بۆ زەوییە کارتەکانی گەڕەکی ژینی دارەتوو، بەڵکو بۆ هەموو ئەو زەوییانەی کارتن، "دەبێت بکرێن بە سەنەد، دواتر مۆڵەتی دروستکردنی خانوویان پێبدرێت".
سەرۆکی شارەوانیی دارەتوو دەنگی خۆی دەخاتە پاڵ دەنگی خاوەن زەوییەکانی ئەو گەڕەکە و داوا دەکات چارەسەرێکی گونجاو بۆ ئەو بابەتە بدۆزرێتەوە و دەڵێت، "وەکو شارەوانیی دارەتووش نووسراوی فەرمیمان بۆ بەڕێوەبەرایەتیی شارەوانییەکانی هەولێر کردووە، بۆ ئەوانەی لە هەر قۆناخێک لە قۆناخەکانی خانوو دروستکردنن، رێگەیان پێبدرێت بە تەواوکردنی خانووەکانیان. ئەوانیش نووسراویان بۆ پارێزگای هەولێر و وەزارەتی شارەوانی کردووە، ئومێد هەیە لەو مانگە دەرچەیەکی یاسایی بۆ ئەوانە بدۆزرێتەوە بۆ ئەوەی خانووەکانیان تەواو بکەن، پشتیوان بە خودا ئەم جەژنە دەکەین بە دوو جەژن بۆیان".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ