رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی یەدەگی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دەڵێت، بەزووترین کات شاندێکی دانوستاندنکاریان بۆ پرسی پێکهێنانی حکومەتی عێراق سەردانی بەغدا دەکات. ئاماژە بەوەش دەکات، ''شێوەی گفتوگۆی شاندی دانوستاندنکاری پارتی بۆ پێکهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەگۆڕدرێت''.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 18-12-2025، بە سەرپەرشتیی سەرۆک بارزانی و ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی، کۆبوونەوەی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان بەڕێوەچوو.
جوان یوونس رۆژبەیانی، ئەندامی یەدەگی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی لەبارەی کۆبوونەوەکەوە بە رەنجە جەمال، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی لە هەولێر رایگەیاند، کۆبوونەوە زیاتر تایبەت بووە بە شاندە دانوستاندنکارەکانی پارتی بۆ پێکهێنانی حکومەتەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق.
بەگوتەی جوان یونس رۆژبەیانی، لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی کۆمیتەی ناوەندیی پارتیدا بڕیاردراوە ئەو شاندە دانوستاندنکارەی کە پێشتر بۆ پێکهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێکهێنرابوو، وەک خۆی بمێنێتەوە و درێژە بە گفتوگۆکانی بدات.
هاوکات ئەو ئەندامەی یەدەگی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی ئاماژەی بەوەش کرد، شاندێکیش بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پێکهێنانی حکومەتی عێراق پێکدەهێنرێت کە بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری رووداو، ئەندامانی بریتین لە فازڵ میرانی، فوئاد حوسێن، نەوزاد هادی و ئومێد سەباح.
جوان یونس رۆژبەیانی دەڵێت، ''ئەو شاندەی پارتی بە جیا دەچن بۆ بەغدا و جگە لەگەڵ لایەنەکانی بەغدا، لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستانیش کە کورسیی پەرلەمانی عێراقیان بەدەستهێناوە، بۆ دابەشکردنی ئەو پۆستانەی بەر کورد دەکەوێت، گفتوگۆ دەکەن. شاندەکە بە زووترین کات دەستبەکار دەبێ.''
ئەو ئەندامەی یەدەگی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی ئەوەشی خستەڕوو، بۆ پرسی بەغدا، شاندەکە لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانی کوردستانیش کۆدەبێتەوە.
جوان یونس رۆژبەیانی ئاماژەی بە پۆستی سەرۆککۆماری عێراق کرد کە تاوەکو ئێستا وەک نەریتێک پشکی کورد بووە و لەنێو لایەنە سیاسییە کوردستانییەکانیشدا بەر یەکێتی کەوتووە و گوتی: ''پارتی براوەی یەکەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقە و بێگومان براوەی یەکەمیش دەستنیشان دەکات کە پۆستی سەرۆککۆمار بەپێی دابەشکارییەکان بەر پارتی دەکەوێت یان لایەنێکی دیکە. ئەوەش لەکاتی گفتوگۆکردن و دابەشکاریی پۆستەکان یەکلایی دەبێتەوە.''
لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا کە 11ـی تشرینی دووەم کرا، پارتی 27 کورسی و یەکێتی 18 کورسی بەدەستهێنا.
''شێوەی دانوستاندنی شاندی پارتی بۆ پێکهێنانی حکومەت دەگۆڕدرێت''
بەگوتەی ئەو ئەندامە یەدەگەی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی، شاندی دانوستاندنکاری پارتی بۆ پێکهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە هۆشیار زێباری سەرپەرشتی دەکات، لەگەڵ لایەنە کوردستانییەکان بەردەوام دەبێ لە دانوستاندن، بەڵام شێوەی گفتوگۆکانیان دەگۆڕدرێت.
جوان یوونس رۆژبەیانی بەبێ ئاماژەدان بە هیچ پۆست و وەزارەتێک گوتی، ''لەوانەیە ئەگەر پێشووتر لە چەند وەزارەتێکدا پارتی پشکی خۆی دابێتە لایەنێکی دیکە، دوای هەڵبژاردنەکان و پێکنەهاتنی حکومەت، شێوەی گفتوگۆکانی بگۆڕێت و ئەو سازشەی پێشتر لە هەندێک پۆستدا کردوویەتی، ئێستا نەیکات.''
ئەوەشی خستەڕوو، بەپێی قەبارەی حیزبەکان لە هەڵبژاردن پۆستەکانی کابینەی 10ـیەمی حکومەت دابەش دەکرێن، ''بە راگرتنی هاوسەنگی و سازشکردن هیچ لە دۆخەکە نەگۆڕدرا، بۆیە لەوانەیە ئێستا گفتوگۆکانمان جیاواز بن''.
زیاتر لە 13 مانگ بەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا تێپەڕبووە و سەرەڕای دانوستاندنی یەکێتی و پارتی تاوەکو ئێستا نەتوانراوە کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێکبهێنرێت. جوان یونس رۆژبەیانی دەڵێت، ''شاندی دانوستاندنکاری هەردوو لا بەردەوام دەبن لە گفتوگۆ، بۆ ئەوەی بگەنە رێککەوتنێک کە بە زووترین کات حکومەتی هەرێمی کوردستانیش پێکبهێنرێت.''
پارتی لە دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان 39 کورسی و یەکێتیش 23 کورسی بەدەستهێنا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ