رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکى ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک و وەزیرى دادى عێراق رێککەوتن بۆ گواستنەوەى 70 بەندکراوى خەڵکى شارەکە لە گرتووخانەکانى شارەکانى دیکەوە بۆ کەرکووک، بە گوتەى ئەندامێکى ئەنجوومەنى پارێزگا، ئەوانەش دەگرێتەوە کە لە گرتووخانەى سوسێى هەرێمى کوردستانن.
رێککەوتنەکە لە یەکى نیسان لە نێوان محەممەد ئیبراهیم حافز، سەرۆکى ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک و خالید شوانى، وەزیرى دادى عێراق کراوە.
بەگوێرەى راگەیێندراوێکى ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک 70 بەندکراوى خەڵکى کەرکووک لە گرتووخانەى شارەکانى دیکەوە دەگوێزرێنەوە بۆ ئەو شارە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 3ى نیسانى 2025 عەبدوڵڵا میروەیس، ئەندامى ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "بڕیارەکە ئەو بەندکراوە عەرەبانەش دەگرێتەوە کە لە گرتووخانەى سوسێن لە هەرێمى کوردستان و حوکمدراون."
ئەو کەسانەى لەلایەن دادگەوە لە عێراق سزا دەدرێن، بەسەر گرتووخانەی چاکسازییەکاندا دابەش دەکرێن کە سەر بە وەزارەتى دادن، دوو لەو گرتووخانانە لە هەرێمى کوردستانن کە بریتین لە گرتووخانەى سوسێ و چەمچەماڵ.
عەبدوڵڵا میروەرس گوتى: "پێشتر ئەو گواستنەوەیە بۆ بەندکراوانى دیکەى کەرکووک کراوەو لە گرتووخانەکانى دیکەوە گوێزرێراونەتەوە و بۆ ئەوە دەبێت داواکارى پێشکێش بکرێت".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ