رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێت، بێ ئومێدبوون لە هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن و دوای ئەوەی نەیانتوانی یاساکە لە هەرێمی کوردستان هەمواربکەنەوە پەنایان بۆ دادگەی فیدراڵیی عێراق برد و دەشڵیت، "یەکێتی لەگەڵ ئەوەدایە هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا بکرێت."
رۆژی چوارشەممە 03-05-2023، زیاد جەبار، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "پێشتر پڕۆژەیەکمان لەبارەی هەمواری یاسای هەڵبژاردن پێشکێشکرد. بەشێک لەو مادانەی داوای هەموارکردنەوەمان کردووە بنەڕەتی بوون؛ بەشێکی دیکەیان پەیوەندییان بە هەندێک شتی تەکنیکییەوە هەبووە، بەڵام نەمانتوانی بگەینە رێککەوتن و هەمواریان بکەینەوە."
سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان لە دادگەی فیدراڵیی عێراق سکاڵای لەسەر هەندێک مادەی نێو یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان تۆمارکردووە و لەوبارەوە دەڵێت: "ماوەی دوو ساڵە هەموو هەوڵەکانمان بۆ هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن داوە و هەموو رێگەکانمان گرتوونەتەبەر، بەڵام بێ ئومێد بووین لەوەی لە هەرێمی کوردستان یاساکە هەموار بکرێتەوە. وەک یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هیچ ئومیدێکمان نەماوە و رەنگە کاتیش لە بەردەست نەما بێت بۆ ئەوەی هەر لە هەوڵدابین. بۆیە پەنامان بۆ دادگەی فیدراڵیی عێراق برد."
یەکێک لە تێبینییەکانی یەکێتی لەسەر هەمواری یاسای هەڵبژاردن تۆماری دەنگدەرانە. بەگوتەی زیاد جەبار، هەموو لایەنەکان بە پارتیشەوە تێبینییان لەسەر تۆماری دەنگدەران هەیە، چونکە "تۆمارێکی باش نییە و بۆ ئەوەی کاتیش لە بەردەستمان بێت داوامانکردووە پشت بە بایۆمەتری ساڵی 2021ی عێراق ببەستین. عێراقیش بۆ ئەوە هاوکارمانە." یەکێکی دیکە لە تێبینییەکان 11 کورسی پێکهاتەکانە کە یەکێتی دەیەوێت فرە بازنەیی بن. بەشی زۆری پێکهاتەکانیش ئەوە رەتدەکەنەوە و پارتیش دەڵێت، "رێز لە بۆچوونی پێکهاتەکان دەگرین."
سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێت: "یەکێک لەو مادە سەرەکییانەی دەمانەوێت هەمواربکرێتەوە بابەتی کورسی پێکهاتەکانە. ئەگەر ئەوە نەگۆڕدرێت، ئیدی هەڵبژاردن چییە؟ بەڵام پارتی دەستبەرداری کورسی پێکهاتەکان نابێت، ئیدی لە چی شتێک هاتوونەتە پێشەوە و سازشیان لەسەر چی کردووە؟ ئەگەر ویست هەبێت بۆ هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن ئەوە دەتوانین لە کاتی خۆیدا هەڵبژاردن بکەین و ئێمەش وەکو یەکێتی بەگەرمی پێشوازی لەوە دەکەین کە هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا بەڕێوەبچێت."
رۆژی سێشەممە 02-05-2023، بەهمەن عەبدوڵڵا، بڕیاردەری فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان بە رووداوی گوت، یەکێتی هەموو کارێک دەکات بۆ ئەوەی هەڵبژاردن "بەڕێوەنەچێت" و دەشڵێت: "داواکارییەکان لەبارەی هەمواری یاسای هەڵبژاردن بیانوویەک بوون بۆ دواخستنی هەڵبژاردن و دواشخرا. مانگی 11ی ساڵی رابردوو پێمان گوتن ئەوە ساڵێکمان درێژکردەوە بۆ هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن و وەرن کۆمیسیۆن کارابکەینەوە، بەڵام نەهاتنە پێش و دوایانخست. تاوەکو ئەمڕۆش کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن دواخراوە."
بەهمەن عەبدوڵڵا لەبارەی سکاڵایی یەکێتی لە دادگەی فیدراڵیی عێراق لەبارەی یاسای هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "هەموارکردنەوەی یاسا یان رەتکردنەوەی کاری دادگە نییە؛ کاری پەرلەمانە و سکاڵاکەش کارێکی خراپە و خەڵکی دیکەشیان هانداوە بۆ ئەوەی سکاڵا لەسەر پێکهاتەکان بکەن."
رۆژی 26-03-2023؛ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە فەرمانێکی هەرێمی، رۆژی 18-11-2023ـی وەکو رۆژی ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان دیاریکرد، سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان داوای لە پەرلەمان و سەرجەم فراکسیۆنەکان کرد، هەنگاوی کردەییان بۆ متمانەبەخشین و کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن هەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ