رووداو دیجیتاڵ
رێوڕەسمی ساڵانەی کۆمسای لە هەورامانی رۆژهەڵاتی کوردستان هەڵوەشایەوە و دەستەی بەڕێوەبەریی رێوڕەسمەکە رایگەیاند، بەهۆی بارینی بارانەوە رێوڕەسمەکەیان هەڵوەشاندووەتەوە و ئەم ساڵ بەڕێوەناچێت.
بڕیار بوو ئەمڕۆ هەینی 03-05-2024 لە شارۆچکەی هەورامانی تەخت رێوڕەسمی ساڵانەی کۆمسای بەڕێوەبچێت، بەڵام دەستەی بەڕێوەبەریی رێوڕەسمەکە رایگەیاند، سەرەڕای ئەوەی تەواوی ئامادەکارییەکان بۆ بەڕێوەبردنی رێوڕەسمەکە کرابوو، بەهۆی نالەباربوونی دۆخی کەشوهەوا و بارینی باران هەڵیانوەشاندووەتەوە.
دەستەی بەڕێوەبەریی رێوڕەسمی کۆمسای دەڵێت، رێوڕەسمەکە دەبێت لە رۆژێکی تایبەتی ساڵ بەڕێوەبچێت، بۆیە ناتوانن دوای بخەن.
کۆمسای رێوڕەسمێکی کۆنی کۆمەڵایەتی- کولتوورییە و ساڵانە لە 45ـەمین رۆژی دوای نەورۆز و سەری ساڵی کوردی لە هەورامان بەڕێوەدەچێت. شارەزایانی مێژوو دەڵێن، مێژووی بەڕێوەچوونی بۆ چەند هەزار ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە و لە کۆندا بۆنەیەک بووە بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پیران لە گوندەکانی هەورامانی تەخت.
لە رێوڕەسمی کۆمسای، زیکر و نزا دەکرێت، دەف لێدەدرێت و هۆنراوە دەخوێندرێتەوە. هەروەها رێوڕەسمێکی تایبەتی تێدایە بە ناوی بەرد شکاندن. بەردێکی نێو مەزاری پیرشالیار دەشکێندرێت و خەڵک پارچەیەک لە بەردە شکاوەکە لەگەڵ خۆیان دەبەنەوە و وەکو شتێکی پیرۆز هەڵیدەگرن. ئەو بەردە بۆ ساڵی داهاتوو وەکو خۆی لێدێتەوە.
پێشتر ئەو رێوڕەسمە لە دەورووبەری مەزاری پیرشالیار بەڕێوەدەچوو، بەڵام ئێستا بەهۆی ئەوەی خەڵکێکی زۆر تێیدا بەشدار دەبن، گۆڕەپانێکی تایبەت لەنێو شارۆچکەی هەورامان تەخت بۆ ئەو رێوڕەسمە تەرخانکراوە.
ساڵانە ژمارەیەکی زۆر گەشتیاری نێوخۆیی و بیانی بۆ بینینی رێوڕەسمی پیرشالیار سەردانی هەورامان دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ