رووداو دیجیتاڵ
بەشێک لە لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆن هەوڵی دروستکردنی هاوپەیمانییەک بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەدەن. سێ لایەنیان دان بەوەدا دەنێن کە پەیام گۆڕینەوە لەنێوانیان هەیە و ئامادەکاری بۆ پێکهێنانی بەرەیەکی هاوبەش دەکەن.
بەرەی گەل: پێشتریش هەوڵمان داوە بۆ لیستی هاوبەشی ئۆپۆزیسیۆن
شادوومان مەلا حەسەن، یەکێک لە بەرپرسانی بەرەی گەل کە لەلایەن لاهوور شێخ جەنگییەوە سەرۆکایەتی دەکرێت، لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ دا گوتی: "وەک بەرەی گەل، پێشتریش لە هەردوو هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق هەوڵی پێکهێنانی لیستی هاوبەشی ئۆپۆزیسیۆنمان لەنێوان هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکان دا. بۆ ئەم هەڵبژاردنەی پەرلەمانی عێراقیش کە بڕیارە مانگی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ ئەنجام بدرێت، ئامادەین لەگەڵ هێزەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانی کوردستان یەک هاوپەیمانێتیی گەورە پێکبهێنین".
"لە دوو هەڵبژاردنی رابردوودا لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆن پەرتەوازە بوون و لەبری هاوئاهەنگی دژایەتیی یەکدییان دەکرد. بۆ ئەم هەڵبژاردنە ئەگەر ئۆپۆزیسیۆن خۆی رێکنەخاتەوە و گوتارێکی هاوبەشی کاریگەری نەبێت، ئەوا دەنگەکانی زۆر کەم دەکات"، شادومان مەلا حەسەن وای گوت.
ئەو بەرپرسەی بەرەی گەل گوتیشی: "لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا ئێمە و لایەنەکانی دیکەی ئۆپۆزیسیۆن هانی خەڵکمان دا بچنە سەر سندووقی دەنگدان و بەشداریی هەڵبژاردن بکەن. ئەم جارە ئەگەر ئۆپۆزیسیۆن جووڵەیەکی کاریگەر نەکات، ئەوا رێژەی بەشداریی دەنگدەران لە هەڵبژاردن زۆر کەم دەبێتەوە و کەمبوونەوەی رێژەی بەشداریی دەنگدەرانیش راستەوخۆ لە زیانی هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن و سوودی هێزە دەسەڵاتدارەکان دەبێت؛ هەربۆیە گەشبینین ئەم جارە لە سۆنگەی پارێزگاری لە دەنگەکانیان، هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن بە یەک لیستی هاوبەش بەشداریی پرۆسەی هەڵبژاردن بکەن و بەرەیەکی گەورە بەرامبەر پارتی و یەکێتی دروست بکەن".
بە گوتەی شادوومان مەلا حەسەن، بەرەی گەل هێڵی سووری لەسەر هیچ لایەنێکی ئۆپۆزیسیۆن نییە بۆ بەشداریی ئەو هاوپەیمانێتییەی کە نەخشەی بۆ دەکێشن و دەڵێت: "جگە لە پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئامادەین لەگەڵ هەر لایەنێک گفتوگۆ بکەین بە ئامانجی کاری هاوبەش و دروستکردنی بەرەی هاوبەشی ئۆپۆزیسیۆن لە هەرێمی کوردستان".
شادوومان مەلا حەسەن گوتیشی: "خەڵک لە هەرێمی کوردستان متمانەی بە ئۆپۆزیسیۆن لەدەستداوە، چونکە پێشتر بزووتنەوەی گۆڕان کە هێزێکی ئۆپۆزیسیۆنی کاریگەر بوو بە نرخێکی زۆر هەرزان ئۆپۆزیسیۆنبوونی خستە خزمەتی دەسەڵات و بووە بەشێك لەو خراپییەی هەیە، هەربۆیە ئێستا پێویستە لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆن بە جووڵەیەکی بەهێز متمانەی خەڵک بۆ خەباتی ئۆپۆزیسیۆنی بەدەستبهێننەوە"
یەکگرتووی ئیسلامی: بە تەنیا نامێنینەوە
هەر لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ دا د. فاتیح سەنگاوی، ئەندامی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی لە پەرلەمانی کوردستان باسی لە ئامادەیی حیزبەکەی بۆ پێکهێنان و بەشداریکردن لە بەرەیەکی هاوبەشی ئۆپۆزیسیۆن لە هەرێمی کوردستان کرد و گوتی: "داوا دەکەین بەرەیەکی ئۆپۆزیسیۆنی کاریگەر لە هەرێمی کوردستان دروست بکرێت، چونکە ئێستا هێزی ئۆپۆزیسیۆن تەنیا 30٪ پرۆسەی سیاسی هەرێمی کوردستان پێکدەهێنێت، بەڵام بە پەرتەوازەیی".
فاتیح سەنگاوی گوتیشی: "لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆن گرفتی نێوخۆییان هەیە و لەبری هاوئاهەنگی، دژایەتیی یەکدی دەکەن، ئەمەش هێندەی دیکە پێگە و رۆڵی ئۆپۆزیسیۆنی لە هەرێمی کوردستان لاوازکردووە، وێڕای گوشارە بەردەوامەکانی دەسەڵات بەرامبەر ئەم هێزانە؛ هەربۆیە وەکو یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لەگەڵ ئەوەداین لیستێکی هاوبەشی ئۆپۆزیسیۆن بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دروست بکرێت".
بە گوتەی فاتیح سەنگاوی، بە پێویستی دەزانن هەموو لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆن لەو هاوپەیمانێتییەدا بەشدار بن، نەوەک ئەوەی تەنیا دوو یان سێ لایەن پێکەوە بن و لایەنەکانی دیکەی ئۆپۆزیسیۆن بە پەرتەوازەیی بمێننەوە و هەڵمەتی میدیایی دژی یەکدی ئەنجام بدەن و رایگەیاند: "لە ئێستاوە با هاونیشتمانییانی هەرێمی کوردستان شاهێد بن، ئەگەر لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆن لە هاوپەیمانێتییەکدا کۆبوونەوە، ئەوا یەکگرتووی ئیسلامی کوردستانیش بە دڵنیایی بەشێک دەبێت لەو هاوپەیمانێتییە و بە تەنیا نامێنێتەوە".
ئاشکراشی دەکات، لە ئاستە جیاوازەکانی حیزبەکەیاندا پەیوەندی و نامە و ئاڵوگۆڕی بۆچوون لەگەڵ لایەنەکانی دیکەی ئۆپۆزیسیۆن هەیە و بە جیدی کار بۆ پێکهێنانی ئەو هاوپەیمانێتییە هاوبەشە دەدەن.
کۆمەڵی دادگەری: گەشبینین بە لیستی هاوبەشی ئۆپۆزیسیۆن
هەر لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ دا ئەندامێکی ئەنجوومەنی باڵای کۆمەڵی دادگەری کوردستان گوتی، بەدەنگەوەهاتنی باش لەنێوان لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆن بۆ دروستکردنی "بەرەی ئۆپۆزیسیۆن" هەیە و هەوڵە سیاسییەکانیان لەوبارەیەوە دەستپێکردووە.
د. شوان رابەر دەڵێت: "گەشبینین بە دروستکردنی بەرەیەکی ئۆپۆزیسیۆن بۆ هەڵبژاردنی عێراق و لە هەموو لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆنیشەوە نیەتی جیدی دەبینین بۆ دروستکردنی ئەو هاوپەیمانێتییە".
"ئێستا لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆن لەژێر گوشارێکی تووندی دەسەڵاتن. بەشێک لەو گوشارە بەهۆی پەرتەوازەییانە و ئەگەر لە چوارچێوەی هاوپەیمانێتییەکی بەرفراوان هێزیان یەکبخەن، بە دڵنیاییەوە کاریگەرییان لە هەرێمی کوردستان و لە عێراقیش زیاتر دەبێت"، شوان رابەر وای گوت.
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی باڵای کۆمەڵی دادگەری کوردستان گوتی: "دروستکردنی بەرەیەکی بەرفراوانی ئۆپۆزیسیۆن دژایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانی کوردستان نییە، بە پێچەوانەوە بۆ گۆڕینی باڵانسی هێز و بونیادنانەوەی پایەکانی هەرێمی کوردستانە کە سەرئەنجام ئەگەر هەرێمەکە دامەزراو و بەهێزبێت لە نێوخۆ و لە بەغدا، ئەوا هەمووان لێی سوودمەند دەبن، هەربۆیە وەکو کۆمەڵی دادگەری گەشبینین و بەشێکیشین لە هەوڵەکانی دروستکردنی هاوپەیمانێتییەکی گەورەی ئۆپۆزیسیۆن لە هەرێمی کوردستان".
لە دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، نەوەی نوێ 15 کورسی، یەکگرتووی ئیسلامی 7 کورسی، رەوتی هەڵوێست 4 کورسی، کۆمەڵی دادگەری 3 کورسی و بەرەی گەل 2 کورسی پەرلەمانی کوردستانیان بەدەستهێنا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ