دروستکردنی کۆرنیشی کفری لەسەر بەنداوی باوەشاسوار چووە واری جێبەجێکردنەوە

03-05-2025
سۆران حوسێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بۆ برەودان بە کەرتی گەشتیاریی ناوچەکە، دروستکردنی کۆرنیشی بەنداوی باوەشاسوار لە قەزای کفری لە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان چووە واری جێبەجێکردنەوە.
 
هێرش فەیزوڵڵا، بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری گەرمیان، ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "دووشەممە رێکارەکانی دەستبەکاربوون بۆ پڕۆژەکە کران و ئێستا کارکردن دەستی پێکردووە."
 
کۆرنیشی گەشتیاریی کفری بە دوو قۆناخ دەبێت؛ قۆناخی یەکەم دیواری راگری کۆنکرێت و و پێداویستییەکانی دیکەی کۆرنیشەکە تەواو دەکرێت و لە قۆناخی دووەمدا رێستۆرانت، کافتریا، یاریی ئاوی، کەپر و چەند شوێنێکی دیکەی گەشتیاری دروست دەکرێن.
 
هێرش فەیزوڵڵا گوتی، بۆ قۆناخی یەکەمی پرۆژەکە، وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان بڕیاری خەرجکردنی 429 ملیۆن دیناری داوە لەو پارەیەی بۆ پرۆژەکانی کفری خەرج دەکرێت.
 
بۆ قۆناخی دووەمی پرۆژەکە، بڕیارە 500 ملیۆن دیناری دیکە خەرج بکرێت. بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری گەرمیان دەڵێت، "رەزامەندی دراوە بۆ خەرجکردنی پارە بۆ قۆناخی دووەمی پڕۆژەکەش."
 
کفری یەکێکە لە قەزا کۆنەکانی باشووری کوردستان. جگە لە کورد، بەشێکی دانیشتووانی قەزاکە تورکمانن. لە راپەڕینی ساڵی 1991ـەوە لەژێر دەسەڵاتی حکومەتی هەرێمی کوردستاندایە.
 
بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری گەرمیان ئاماژەی بەوەشکرد، ئامانج لە دروستکردنی پرۆژەکە بردەودانە بە کەرتی گەشتیاریی سنوورەکە و دەیانەوێت زۆرترین گەشتیارن بۆ ناوچەکە رابکێشن.
 
تەمموزی ساڵی 2023، دوای مانگرتنی بەشێک لە دانیشتووانی قەزای کفری دژی کەمیی خزمەتگوزاری، حکومەتی هەرێمی کوردستان بەڵێنی جێبەجێکردنی چەند پڕۆژەیەکی دا، دروستکردنی کۆرنیشی کفری یەکێک بوو لەوان.
 
کفری یەکێکە لە قەزاکانی ئیدارەی گەرمیان لە پارێزگای سلێمانی و ژمارەی دانیشتووانەکەی نزیکەی 40 هەزار کەسە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئەو کچەی یانەی زاخۆی بە هەموو دنیا ناساند

یانەی زاخۆ وەک یەکەم یانەی ئاسیا خەڵاتی باشترین هاندەری فیفای بردەوە

فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهانی (فیفا) خەڵاتی باشترین هاندەری 2025ـی بە یانەی زاخۆ بەخشی، ئەمەش دوای ئەوەی هاندەرانی یانەکە دەیان هەزار بووکەڵە و یاریی منداڵانیان هەڵدایە نێو یاریگە و دواتر بە منداڵانی نەخۆش بەخشران.