رووداو دیجیتاڵ
بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا لە وێستگەی کارۆئاوی بەنداوی دووکان لە پارێزگای سلێمانی بەهۆی دابەزینی ئاوەوە راگیرا. بەڕێوەبەری کۆنترۆڵی کارەبای پارێزگای سلێمانی دەڵێت، لە بەنداوی دەربەندیخان بەرهەمهێنانی کارەبا بەردەوامە.
ئەندازیار غالب محەممەد، بەڕێوەبەری کۆنترۆڵی کارەبای پارێزگای سلێمانی، ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "هۆکاری راگرتنەکە کەم ئاوییە لە بەنداوی دووکان و ئامانجی سەرەکیش ئەوەیە لە وەرزی هاویندا سلێمانی کێشەی ئاوی خواردنەوەی بۆ دروست نەبێت".
غالب محەممەد گوتی: "وێستگەی دووکان ئەم ساڵ بەهۆی کەم ئاوییەوە یەک یەکەی کاری دەکرد، ئەویش 40 بۆ 45 مێگاوات بەرهەمی هەبوو".
لە بەنداوی دەربەندیخانیش وێستگەی کارۆئاوی هەیە. بەڕێوەبەری کۆنترۆڵی کارەبای پارێزگای سلێمانی گوتی: "دۆخی بەنداوی دەربەندیخان باشترە و تاوەکو ئێستا وێستگەی کارۆئاوییەکەی کار دەکات، ئەویش رۆژانە چەند کاژێرێک دەکوژێندرێتەوە".
بەگوتەی غالب محەممەد، بەرهەمهێنانی کارەبا لە وێستگەی کارۆئاوی دەربەندیخان نزیکەی 70 مێگاواتە.
هەرێمی کوردستان لە وەرزە سارد و گەرمەکاندا بۆ کارەبای 24 کاژێری پێویستی بە حەوت هەزار مێگاواتە، بەڵام بەرهەمی کارەبا لە ئێستا نزیکە لە چوار هەزار مێگاوات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ