رووداو دیجیتاڵ
گەنجێکی 17 ساڵ بە هەورەبرووسکە لە سنووری قەزای پێنجوێن لە پارێزگای سلێمانی گیانی لەدەستدا. ئەو پزیشکەی توێکاری بۆ تەرمەکەی کردووە، دەڵێت، 30%ی جەستەی هاونیشتمانییەکە سووتابوو.
هێمن ئیبراهیم، قایمقامی قەزای پێنجوێن بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "رووداوەکە بەیانی ئەمڕۆ لە سنووری گوندی وریاوای پێنجوێن روویداوە."
دکتۆر خالید عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری تەندروستیی پێنجوێن بە رووداوی گوت، "تەرمەکە نزیک کاژێر 10:00ی بەیانی گەیێندرایە نەخۆشخانە و رێکارە یاسایی و پزیشکییەکانی بۆ کرا."
گەنجەکە ناوی سەهەند ساڵح عەزیزە. دکتۆر خالید کە خۆی توێکاری بۆ تەرمەکە کردووە گوتی، "بەهۆی هەورەبرووسکەوە 30%ی جەستەی گەنجەکە سووتابوو، بە هەمان هۆکار دڵی لە لێدان وەستابوو."
سەهەند ساڵح دانیشتووی قەزای پێنجوێن بووە و بۆ کاروباری کشتوکاڵی و ئاژەڵداری چووەتە گوندی وریاوای پێنجوێن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ