رووداو دیجیتاڵ
لە زانکۆی سلێمانی 16 خوێندکاری نابینا هەن، کە توانیویانە لە بەشە جیاوازەکانی زانکۆکە بە سەرکەوتوویی قۆناخەکانی خوێندن ببڕن، یەکێکیان دەڵێت، "نابینا نەبوومایە، نەمدەتوانی بگەم بەم ئاستەی خوێندن."
یەکێک لە خوێندکارە سەرکەوتووەکانی زانکۆی سلێمانی شانیا فایەقی 20 ساڵە، بەشی ئینگلیزی دەخوێنێت و سێ قۆناخی بڕیوە، هاوڕێکانی هەمیشە هاوکاری بوون لە هاتووچۆکردن و تۆمارکردنی وانەکان بە دەنگ. ئەو دەڵێت، "نابینابوون بە جوانترین بەخششی خودا دەزانم، خودای گەورە لەم دنیا پێی نەداوم، چاوەڕێم لەو دنیا بە باشتر بیبینمەوە."
گەشبینی و ورە بەرزییەکی زۆر لە شانیا دەبیندرێت و پێیوایە دەبێت ئەو ورە بەرزییە لەواندا زۆر زیاتر بێت لە کەسانی دیکە. ئەوەشی گوت، "چەندین هاوڕێ ئامادەن دەستم بگرن، هەندێکجار دەبێتە مناقەشە لەنێوانیان کە کامیان دەستم بگرێت و لەگەڵمدا بێت، بەڵام بۆ کەسێک کە کەسێکی لەگەڵ نەبێت، زۆر قورس دەبێت."
پشتیوان ئیسماعیل یەکێکی دیکەیە لە خوێندکارەکان، دوایین ساڵی خوێندنیەتی لە بەشی مێژوو، لە منداڵیدا مین پێیدا تەقیوە، بەهۆیەوە نابینا بووە و دەستێکیشی لەدەستداوە. ئەو باسی لەوە کرد، ئەگەر نابینا نەبووایە نەیدەتوانی خوێندن تەواو بکات، چونکە بە گوتەی خۆی، "ئەو توانایەی ئێستا هەیەتی، لە کاتی چاوساغیدا نەیبووە."
پشتیوان لەڕووی لەبەرکردنی شوێنەکانەوە زۆر باشە، بە نموونە گەڕەکی کارێزەوشک هەموو کۆڵانەکانی شارەزایە و دەڵێت، "بەبێ هیچ کەسێک دەتوانم بگەڕێم، هەروەها هۆڵەکانی زانکۆ هەمووی شارەزام، بەبێ هیچ کەس دەتوانم هاتووچۆ بکەم."
لە زانکۆی سلێمانی رێگەی تایبەت بە خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان دروستکراوە، ئاسانسوار لە باڵەخانەکان هەن و مامۆستای تایبەتیش بۆ نووسینەوەی وەڵامی تاقیکردنەوەکان دابینکراوە.
دکتۆر یۆهان عوسمان حەمە، بەڕێوەبەری رۆشنبیری و راگەیاندنی زانکۆی سلێمانییە، باس لەوە دەکات، هەر لە بناخەی دروستکردنی زانکۆکەوە حساب بۆ خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان کراوە و ئاسانکارییان بۆ کراوە، بەڵام هەندێک پێداویستی هەن، رەنگە لە هەندێک وڵاتی ئەورووپی کرابێت و لە زانکۆی سلێمانی نەکرابێت، ئەمەش لەبەر ئەوە بووە کە ئەو جۆرە سیستمە لە هەرێمی کوردستان و عێراق ئیشی لەسەر نەکراوە.
لە زانکۆی سلێمانی 23 خاوەن پێداویستیی تایبەت دەخوێنن، کە 16 خوێندکاریان نابینان و لە کۆلێژەکانی زمان، زانستە مرۆڤایەتییەکان، زانستە ئیسلامییەکان و یاسا دەخوێنن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ