رووداو دیجیتاڵ
37 کاژێرە تیمەکانی بەرگریی شارستانی بەدوای ئەو سێ منداڵەدا دەگەڕێن کە لە گەلی عەلی بەگ کەوتنە نێو ئاوەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا نە سێ منداڵەکە و نە ئۆتۆمبێلەکەیش نەدۆزراونەتەوە.
رۆژی یەکشەممە، 03ـی نیسانی 2026، کاروان میراودەلی، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی سۆران بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "گەڕان بەدوای ئەو سێ منداڵەی شەوی 1 لەسەر 2ـی ئایار کەوتنە نێو گەلی عەلی بەگ بەردەوامە. تیمەکانی سۆران، مێرگەسۆر، ئاکرێ و هەولێر بە نزیکەی 100 کارمەند شەو و رۆژ بەدوای ئەو سێ کەسەدا دەگەڕێن، بەڵام جارێ هیچ سەرەداوێکمان دەست نەکەوتووە."
بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی سۆران باسی لەوەشکرد، تاوەکو ئێستا تەنانەت ئۆتۆمبێلەکەشیان نەدۆزیوەتەوە و گوتی: "ئێستا هەموو هەوڵێکمان بۆ ئەوەیە ئۆتۆمبێلەکە بدۆزینەوە."
لەبارەی شێوازی گەڕانەکە، کاروان میراودەلی گوتی، هەموو رێگەیەکیان تاقی کردووەتەوە "بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ سوودێکی نەبووە."
شەوی هەینی 01ـی ئایاری 2026، نزیک کاژێر 10ی شەو لەسەر رێی هامڵتن، لە نزیک کانی ماران لە گەلی عەلی بەگ، ئۆتۆمبێلێک کۆنترۆڵی لەدەستدا و بەرەو قووڵایی رووبارەکە هەڵدێرا.
شۆفێرەکە و ژنێک رزگاریان بوو، بەڵام سێ منداڵ بە ناوەکانی (ئادەم خورشید 3 ساڵ، لاوەند خورشید 7 ساڵ و مینا عیسا 17 ساڵ) لەگەڵ ئۆتۆمبێلەکەدا نوقم بوون و تاوەکو ئێستا بێسۆراخن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ