شەقامە تێكچووەکانی هەولێر و سلێمانی نۆژەن دەکرێنەوە

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
سۆران حوسێن
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

لە سلێمانی نۆژەنکردنەوەی بەشێکی شەقامەکان دەستیپێکردووە. سەرۆکی شارەوانیی هەولێریش دەڵێت، لە هەفتەی داهاتووەوە هەموو ئەو شەقامانەی بەهۆی بارانەوە چاڵیان تێدا دروستبووە، چاک دەکرێنەوە.
 
چەند هاونیشتمانییەک بە رووداویان گوت، بەشێکی شەقامی 100 مەتری و بەشێکی رێگەی کەرکووک، هەروەها بەشێکی شەقامەکانی هەولێری نوێ و چەند رێگەیەکی دیکەی سەرەکیی هەولێر چاڵوچۆڵی زۆریان تێدا دروستبووە، جگە لە ئاستەنگی هاتووچۆ، زیان بە ئۆتۆمبێلەکانیش دەگەیێنێت.
 
 رۆژی یەکشەممە، 3ـی ئایاری 2026، کارزان هادی، سەرۆکی شارەوانیی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بەهۆی بارانی زۆری ئەمساڵەوە، بەشێک لە شەقامەکان چاڵیان تێدا دروستبووە، لە رابردوودا بەشێکیان نۆژەن کرابوونەوە، بەڵام زۆریشیان ماون و هەموویان نۆژەن دەکرێنەوە".
 
سەرۆکی شارەوانی هەولێر گوتی: "کارگەی قیری شارەوانیمان بەهۆی کێشەیەکەیەوە لەکارکەوتووە، بەڵام لە هەفتەی داهاتووە و دەکەوێتەوە کار و نۆژەنکردنەوە دەستپێدەکاتەوە".
 
سەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانی لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، "بەردەوامین لە جێبەجێکردنی راسپاردەکانی جێگری سەرۆکوەزیران بۆ خێراکردنی هەڵمەتەکانی نۆژەنکردنەوەی شەقامەکان و لابردنی ئاستەنگەکانی بەردەم هاتووچۆی هاووڵاتییان، ئەمڕۆش کاری قیرکردن بۆ بەشێکی خراپبووی شەقامی بازنەیی مەلیک مەحموود کرا".
 
شارەوانی سلێمانی رایگەیاندووە، "دەستی نۆژەنکردنەوە دەگاتە هەموو شەقامێکی سەرەکیی و هەموو گەڕەک و کۆڵانێکی سنووری ماستەرپلانی شاری سلێمانی".

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە