رووداو دیجیتاڵ
سکرتێری پەرلەمانی کوردستان دەڵێت، 12 حیزب بۆچوونەکانیان لەبارەی پڕۆژەی دەستوور داوەتە پەرلەمان و چاوەڕوانن لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆنیش لە رۆژانی داهاتوودا ئەو کارە بکەن.
مونا قەهوەچی، سکرتێری پەرلەمانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، هەریەکە لە پارتی، یەکێتی، گۆڕان، شیوعی، لیستی سەردەم، چاکسازیی تورکمان، بزووتنەوەی دیموکراتی گەلی کوردستان، زەحمەتکێشانی کوردستان، ئەنجوومەنی گەلی کلدانیی سریانی ئاشووری، فراکسیۆنی میللەتی تورکمان، بەرەی تورکمانی و گەشەپێدانی تورکمانی سەرنج و تێبینی خۆیان بۆ ناردوون.
پارتی دیموکراتی کوردستان خاوەنی 45 کورسیە و پەرلەمانتارێکی دەڵێت، گرنگە بەلایانەوە لەم خوولەدا هەرێمی کوردستان ببێتە خاوەنی دەستووری خۆی.
رێبوار بابکەیی، پەرلەمانتاری پارتی لە پەرلەمانی کوردستان بە رووداوی راگەیاند "پێمانوایە ئەو هەوڵانەی کاک نێچیرڤان بارزانی وەک سەرۆکی هەرێمی کوردستان داویەتی، پێویستە ژوورێکی سیاسیی بۆ دەستەبەر بکرێت، بۆ ئەوەی جیاوازیی سیاسیی یەکلایی بکاتەوە. پێمانوایە یاسای ژمارە 4ی ساڵی 2015 پەیوەست بە نووسینەوەی دەستوور هەمواربکرێتەوە و بۆ نووسینەوەی دەستوور بکرێت پاڵپشتی پەرلەمان."
بزووتنەوەی گۆڕان 12 پەرلەمانتاری هەیە و پەرلەمانتارێکیشی دەڵێت، جگە لە بۆچوونی خۆیان لەو بارەوە، میکانیزمی چۆنێتی کارکردنیان لەسەر دەستوور داوەتە سەرۆکایەتی پەرلەمان.
جەلال محەممەدئەمین، ئەندامی فراکسیۆنی بزووتنەوەی گۆڕان بە رووداوی راگەیاند "رۆژی سێشەممە بۆچوونی خۆمان لەبارەی میکانیزمی ناردنی پڕۆژەیاسای دەستوور بۆ پەرلەمانی کوردستان ناردووە، پێمانوایە هەرێمی کوردستان پێویستە دەستوورێکی هەبێت، ئەم دەستوورەش بەشێوازێک بێت رەنگدانەوەی خواستی سەرجەم لایەنە سیاسییەکان و تاک بە تاکی کۆمەڵگەی کوردی بکات، هەروەها دەستوورێکی دیموکراسی پەرلەمانی بێت و بەشێوازێک لەگەڵ خواستی هاونیشتمانیانی هەرێمی کوردستان دا بێتەوە."
لە 24-6-2009 پەرلەمان پڕۆژەی دەستووری پەسندکرد، بەڵام بەهۆی نەبوونی کۆدەنگی بۆ دەنگدانی هاونیشتمانیان هێڵدرایەوە و دواتر بێدەنگی لێکرا.
لە خولی سێیەمدا 51 ماددە کۆدەنگی لەسەر کرا، لە خولی چوارەمدا گەیشتە 73 ماددە، بەڵام چەند ماددەیەک خاڵی ناکۆکی نێوان لایەنەکان بوو، کە پەیوەندییان بە ئایین، سیستمی سیاسی و بەڕێوەبردن و دابەشکردنی دەسەڵاتەکانەوە هەبوو.
کۆمەڵی دادگەریی کوردستان کە خاوەنی 8 کورسیە، لیژنەیەکیان پێکهێناوە بۆ گەڵاڵەکردنی تێبینییەکان لەبارەی دەستوور.
عومەر گوڵپی، ئەندامی فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەری کوردستان بە رووداوی راگەیاند " هیچ لایەنێک نابێت بە تەمای ئەوە بێت کە دەستوور بە دڵی ئەو بێت . راستە هەموو لایەنەکان جۆرە خواستێکیان هەیە بۆ نوسینەوەی دەستوور و زۆرینەی خواستەکانی ئەوی تێدابێت، بەڵام دەبێت هەموو لایەنەکان بۆ ئەوە کاربکەن کە دەستوور بۆ هەموو هاونیشتمانیانی هەرێمی کوردستان بێت."
بەپێی یاسای ژمارە چواری ساڵی 2015، لیژنەی ئامادەکردنی دەستوور 90 رۆژ کاتی هەیە بۆئەوەی پڕۆژەی دەستوور بۆ گشتپرسی ئامادەبکات، بەڵام ئەگەر نەیتوانی ئەو کارە لەو ماوەیەدا تەواوبکات، کاتەکەی بۆ درێژدەکرێتەوە. دوای تەواوكردنی پڕۆژەکە بەدەنگی دوو لە سەر سێی پەرلەمانتاران پەسند دەكرێت و پاشان دەخرێتەوە گشتپرسییەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ