رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی گازی پارێزگای سنە رایگەیاند، بە مەبەستی کەمکردنەوەی بەکارهێنانی گاز و دابینکردنی گازی پێویست بۆ ماڵان، گازی 647 ڤێلایان بڕیوە.
ئەحمەد فعلەگەری، بەڕێوەبەری گشتیی گازی پارێزگای سنە، شەوی چوارشەممە لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ بەرپرسانی بەڕێوەبەرایەتییەکە و فەرمانگەکانی گازی شارەکانی پارێزگاکە رایگەیاند، لەگەڵ هاتنی وەرزی سەرما، بەکارهێنانی گازی ماڵان زیاتر بووە، بۆیەش لە پێناو کۆنترۆڵکردنی بەکارهێنان و کەمکردنەوەی کورتهێنانی گاز، بڕیاریان داوە گازی ڤێلا و ماڵە چۆڵەکان ببڕدرێت.
ئەحمەد فعلەگەری گوتی، بەپێی ئامارەکان هەزار و 500 ڤێلا لە پارێزگای سنە هەن، کە لە چوارچێوەی بڕیارەکەدا تاوەکو ئێستا گازی647 ڤێلایان بڕیوە. گوتیشی، کاری لە پێشینەیان دابینکردنی گازی پێویست بۆ ماڵان، شوێنە خزمەتگوازییەکان و ناوەندە هەستیارەکانە، بۆیە تاوەکو تێپەراندنی وەرزی سەرما گازی ڤێلاکان دەبڕدرێت.
بەڕێوەبەری گشتیی گازی پارێزگای سنە داوا لە خەڵکی پارێزگاکەش دەکات، پلەی گەرمای ماڵەکانیان کەمتر بکەنەوە، بۆئەوەی بتوانن لەم کەشوهەوا ساردەدا گازی پێویست بۆ هەموو دانیشتووانی پارێزگاکە دابین بکەن.
هۆشدارییش دەداتە ئەو هاوبەشانەی گازی زۆر بەکاردەهێنن و دەڵێت، رێکاری جیدی بەرامبەریان دەگیرێتەبەر و سزا دەدرێن.
لە پارێزگای سنە، 33 شار و هەزار و 660 گوند بۆریی گازیان بۆ راکێشراوە.
ئێران چەندین ساڵە تووشی کێشەی کورتهێنانی گاز بووەتەوە و حکومەتی ئەو وڵاتە بەمەبەستی چارەسەرکردنی کێشەکە، چەندین رێکاری وەکو بڕینی گاز لەسەر ڤێلا و کارگەکان، داخستنی قوتابخانە و فەرمانگە حکومییەکان دەگرێتەبەر، بەڵام تاوەکو ئێستا نەیتوانیوە کێشەکە بنبڕ بکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ