رووداو دیجیتاڵ
داواکاری گشتیی شاری مەشهەد رایگەیاند، خوسرەو عەلیکوردی، پارێزەری ناسراوی مافی مرۆڤ بە "جەڵتەی دڵ" گیانی لەدەستداوە و هیچ شوێنەوارێکی ئەشکەنجە بە جەستەیەوە نەبووە. ئەمەش لەکاتێکدایە گیانلەدەستدانی ئەو پارێزەرە گومان و ناڕەزایەتیی لێکەوتووەتەوە.
رۆژی چوارشەممە 24-12-2025، حەسەن هیممەتی فەر، داواکاری گشتیی مەشهەد لەبارەی دۆسیەی گیانلەدەستدانی ئەو پارێزەرە کوردە رایگەیاند: "خوسرەو عەلیکوردی لە نووسینگەکەی خۆی تووشی جەڵتەی دڵ بووە و بەپێی راپۆرتی پزیشکی داد، مردنێکی سرووشتی بووە و هیچ نیشانەیەکی تاوانی تێدا نییە."
داواکاری گشتیی مەشهەد رەتیکردەوە هیچ کردەوەیەکی تووندوتیژی بەرامبەر پارێزەرەکە کرابێت و گوتی: "هیچ ئاسەوارێکی لێدان، تاوان یان ئەشکەنجەدان لەسەر جەستەی خوسرەو عەلیکوردی نەبووە."
خوسرەو عەلیکوردی، پارێزەرێکی ناسراوی بواری مافی مرۆڤ بوو؛ ئەو دۆسیەی ژمارەیەک لە بەندکراوانی سیاسی و چالاکڤانانی مەدەنیی لە ئەستۆ گرتبوو، لەوانە دۆسیەی حەسەن باقرynya، فاتمە سپێهری و بنەماڵەی ئەبوولفەزل ئادینەزادە، ئەو مێردمنداڵەی لە خۆپێشاندانەکانی "ژن، ژیان، ئازادی"ـدا کوژرا.
بەهۆی ئەو هەڵوێست و کارانەیەوە، لە ساڵانی رابردوودا عەلیکوردی بەردەوام کرابووە ئامانجی هەڕەشە، بانگهێشتکردن بۆ ناوەندە ئەمنییەکان، دەستبەسەرکردن و دەرکردنی بڕیاری قورس دژی.
ئێوارەی رۆژی هەینی 5-12-2025، خوسرەو عەلیکوردی لە نووسینگەکەی خۆی گیانی لەدەستدا. راگەیاندنی هەواڵی مردنەکەی شەپۆلێکی تووڕەیی و کاردانەوەی لێکەوتەوە.
لە دوای رووداوەکەوە چەندین کەس بەهۆی دەربڕینی ناڕەزایەتی و گومانکردن لە هۆکاری گیانلەدەستدانەکەی دەستبەسەر کراون، یەکێک لە دیارترین دەستبەسەرکراوەکان نێرگس محەممەدی، چالاکڤانی ناسراوی مافی مرۆڤە لە ئێران.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ