شەپۆلێکی بەفر و باران روو لە هەرێمی کوردستان دەکات

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
سۆلین حەمەدەمین
سۆلین حەمەدەمین
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسی، لە دوو رۆژی داهاتوودا ئاسمانی هەرێمی کوردستان بە تەواوی دەگۆڕێت و شەپۆلێکی باران و بەفر ناوچە جیاجیاکان دەگرێتەوە؛ شارەزایەکی کەشناسیش دەڵێت: "لە رۆژی شەممەوە شەپۆلەکە دەستپێدەکات و پلەکانی گەرما 8 پلە دادەبەزن."
 
رۆژی پێنجشەممە، 25ـی کانوونی یەکەمی 2025، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ ئاسمان بەگشتی نیمچە هەور دەبێت و پلەی گەرما بەراورد بە دوێنێ یەک تاوەکو دوو پلە نزم دەبێتەوە.
 
بۆ سبەی هەینی، کەشناسی ئاماژە بەوە دەکات، ئاسمان لە نیمچە هەورەوە بۆ هەوری تەواو دەگۆڕێت. لە کاتەکانی شەودا نمە باران لە ناوچە سنوورییەکانی پارێزگای هەڵەبجە و بەفرێکی کەم لە ناوچە شاخاوییەکان دەستپێدەکات، دواتریش کاریگەرییەکە دەگاتە سنووری پارێزگای دهۆک.
 
محەممەد کەمال، شارەزای کەشناسی بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند: "بەرەبەیانی 27ـی مانگ، شەپۆلێکی بارانبارین ناوچەکانی کوردستان دەگرێتەوە. سەرەتا لە پارێزگای دهۆکەوە دەستپێدەکات و لە ناوچە شاخاوییەکانی وەک (شێلادزێ، ئامێدی، بامەڕنێ، کانی ماسی و دێرەلووک) ئەگەری بارینی بەفرێکی باش هەیە."
 
ئەو شارەزایەی کەشناسی ئاماژەی بەوەش کرد، دواتر بارانبارینەکە فراوان دەبێت و هەولێر، کەرکووک، سلێمانی و ئیدارەی راپەڕین دەگرێتەوە، گوتیشی: "چەقی شەپۆلەکە 28ی مانگ دەبێت؛ پێشبینی باران و بەفرێکی باش دەکرێت، بەتایبەت لە ناوچەکانی حاجی ئۆمەران، چۆمان، قەسرێ و چیای سەفین بەفر دەبارێت."
 
بەگوێرەی گوتەکانی محەممەد کەمال، ئەم شەپۆلە بە پچڕپچڕی تاوەکو سەری ساڵ بەردەوام دەبێت و پلەکانی گەرما بەراورد بە ئەمڕۆ، نزیکەی 8 پلەی سیلیزی دادەبەزن.
 
بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بۆ سبەی هەینی:
 
هەولێر: 12 پلە
سلێمانی: 10 پلە
دهۆک: 11 پلە
کەرکووک: 13 پلە
هەڵەبجە: 11 پلە
زاخۆ: 11 پلە
سۆران: 9 پلە
گەرمیان: 14 پلە

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە