مەکتەبی هەڵبژاردنی کۆمەڵ: هێزە سیاسییە دەسەڵاتدارەکان کۆتاییان بە پەرلەمانی کوردستان هێنا

03-06-2023
پەیمان محەممەد
باڵەخانەی پەرلەمانی کوردستان
باڵەخانەی پەرلەمانی کوردستان
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسی مەکتەبی هەڵبژاردنی کۆمەڵی دادگەری دەڵێت، هێزە سیاسییە دەسەڵاتدارەکانی هەرێمی کوردستان کۆتاییان بە دامەزراوەیەکی گرنگ وەکو پەرلەمان هێنا و ململانێکانیان بووە هۆی دەرچوونی بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵیی عێراق؛ ئاماژە بەوەش دەکات کە ''ئێمە لە هەر کاتێکدا ئامادەی هەڵبژاردنین.''

د. بێستوون حەمەساڵح، بەرپرسی مەکتەبی هەڵبژاردنی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان لە کاتی بەشداریکردنی لە بوولتەنی کاژێر 10:00ی تۆڕی میدیایی رووداو کە زانا کایانی پێشکێشی کرد، رایگەیاند، ''هێزە سیاسییە دەسەڵاتدارەکان تەمەنی پەرلەمانی کوردستانیان درێژکردەوە و کۆتاییان بەو دامەزراوەیە گرنگە،  هەروەها کۆمیسیۆن و پڕۆسەی سیاسی لە هەرێمی کوردستان هێنا و نیشانەیەکی گەورەیان خستەسەر رەوایەتیی دامەزراوە دەستووری و یاساییەکان.''
 
پەرلەمانی کوردستان بە دەنگی 80 پەرلەمانتار پێشنیازه‌یاساى به‌رده‌وامبوونی خولی پێنجه‌می په‌رله‌مانی كوردستانی لە 09-10-2022 پەسند کرد و تەمەنی خولی پێنجەمی بۆ کۆتایی مانگی 2023 درێژکردەوە، ئەوەش ناڕەزایەتیی هەندێک لایەنی لێکەوتەوە و چەند سکاڵایەک لەسەر بڕیارەکە لە دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق تۆمار کران.
 
سێشەممەی رابردوو، دادگەی فیدراڵیی عێراق درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستانی بە نادەستووری و نایاسایی ناساند و رایگەیاند، "هەرشتێک لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستانی عێراق دەرچووە دوای ئەو ماوە یاساییە لە رووی دەستوورییەوە پووچەڵە". 
 
د. بێستوون حەمەساڵح باس لەوە دەکات، کۆمەڵی دادگەری لەگەڵ درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان و دواخستنی کاتی هەڵبژاردن و بە نایاسایی ناساندنی پەرلەمان نەبوو، ''بەڵام بەداخەوە گوێمان لێ نەگیرا و ململانێکان بوونە هۆی بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی کە زیانی بۆ هەموو خەڵکی کوردستان، پڕۆسەی سیاسی و قەوارەی هەرێمی کوردستان هەیە".
 
بەرپرسی مەکتەبی هەڵبژاردنی کۆمەڵی دادگەری ئامادەیی حیزبەکەی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەربڕی و گوتی، ''ئێمە لە 2021ـەوە ئامادەی هەڵبژاردنین. هێزێکی سیاسیی بەشدار لە پڕۆسەی سیاسی، پێویستە هەمووکات بۆ هەڵبژاردن ئامادە بێت، نەک هەر ئەو کاتەی کە لە بەرژەوەندیدا بێت.''
 
د. بێستوون حەمەساڵح گوتی، هێزە سیاسییە دەسەڵاتدارەکانی هەرێمی کوردستان بە لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندیی خۆیان هەڵبژاردنیان نەکرد، چونکە لە خزمەت ئەواندا نەبوو. دەشڵێت، ''ئێمە ئامادەی هەڵبژاردنین. کۆمەڵی دادگەری بۆ هەر شێواز هەڵبژاردنێک و هەر کاتێک، بڕیاری گونجاوی دەبێت.''
 
بەرپرسی مەکتەبی هەڵبژاردنی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان پێیوایە، بەپێی بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی، پێویستە بە یاسای پێشوو هەڵبژاردن بکرێت و کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقیش، سەرپەرشتیی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکات، کە بەپێی یاسایەکە هەڵبژاردن بە یەک بازنەیی دەبێت.
 
د. بێستوون حەمەساڵح ئاماژەی بەوەشکرد، کۆمەڵی دادگەری خوازیاری ئەوە بووە بە یاسایەکی نوێ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بکرێت، ''پێمان وابوو یاسایەک کە ساڵی 1992 دەرچووبێت، بۆ ئێستا گونجاو نییە و پڕە لە خاڵی نادیموکراتیک.''
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی

جێگری پارێزگاری سلێمانی: هاوئاهەنگییەکەی تۆڕی میدیایی رووداو کارەکانی باشتر کرد

جێگری پارێزگاری سلێمانی ستایشی رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات لە بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵ و دەڵێ، ئەو هاوئاهەنگییەی رووداو دروستی کرد، کارەکانی گەورەتر و باشتر کرد؛ ئاماژە بەوەش دەکات، قەرەبووەکە ماڵ، کاسبکار، ئۆتۆمبێل و فەرمانگە حکومییەکانیش دەگرێتەوە.