رووداو دیجیتاڵ
پارێزگاری هەولێر دەڵێت، لە دوو مانگی داهاتوودا دەروازەیەکی سنووریی نوێ لە نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران لە سنووری سۆران و شنۆ دەکرێتەوە؛ ئاماژە بەوەش دەکات ئامادەکاری بۆ ئەوە دەکرێت ئەمساڵ زیاتر لە 500 هەزار زیارەتکاری رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بە هەرێمی کوردستاندا بەرەو کەربەلا و نەجەف بڕۆن.
رۆژی شەممە، 03-06-2023، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو کە لە بووڵتەنی نیوڕۆژ پەخشکرا، لەبارەی سەردانی پارێزگار و سەرپەرشتیاری ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێمی کوردستان بۆ رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران رایگەیاند، ''بە دەستی پڕ گەڕاوینەتەوە.''
رۆژی چوارشەممە، شاندێک کە پێکهاتبوو لە پارێزگاری هەر چوار پارێزگا و سەرپەرشتیاری ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێمی کوردستان سەردانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانی کرد. ئومێد خۆشناو بابەتی گفتوگۆکانی نێوان شاندی کۆماری ئیسلامیی ئێران و هەرێمی کوردستانی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو خستەڕوو.
''بە دەستی پڕ گەڕاینەوە''
ئومێد خۆشناو لەبارەی سەردانی شاندەکە گوتی، بە دەستی پڕ لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانەوە گەڕاونەتەوە و سەرجەم باباتەکان کە لە بەرنامەی کۆبوونەوەکەدا بوون، خراونەتە بەر باس؛ دەشڵێت، ئەوە یەکەم جار نییە و چەندین جاری دیکەش کۆبوونەوە لە نێوانیاندا هەبووە و لەسەر زۆر خاڵ رێککەوتن کراوە کە ئەنجامی باشی بۆ هەرێمی کوردستان و ئێران هەبووە.
پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بەوە کرد کە لە کۆبوونەوەی پێشوو کە لە هەولێر کرا، لەسەر 16 خاڵ رێککەوتوون و سەردانی ئەم جارەش تەواوکەری کۆبوونەوەکانی پێشوو بووە؛ یەکێک لە 16 خاڵەکان چارەسەرکردنی بابەتی ترانزێت لە دەروازەی سنووریی حاجی ئۆمەرانەوە بووە کە ''زیاتر لە 15 ساڵ بەرەو رووی گرفت بووەتەوە. ئێستا کۆماری ئسیلامیی ئێران، وەکو هەموو سنوورەکانی دیکە مامەڵە لەگەڵ دەروازەی سنووریی حاجی ئۆمەران دەکات.''
بەگوتەی ئومێد خۆشناو، دەروازەی سنووریی حاجی ئۆمەران بۆ هاتووچۆی هاووڵاتییان و گەشتیاران 24 کاژێر ئامادەیە و ژوورێک وەکو ژووری چارەسەرکردنی گرفتەکان پێکهێنراوە کە مانگانە سەرپەرشتیاری هەردوو دەروازە سنوورییەکە کۆدەبنەوە و باسی گرفتەکان دەکرێت و بەردەوام پێکەوە پەیوەندییان هەیە.
وەک پارێزگاری هەولێر دەڵێت، پێشتر هاوردەکردنی هەندێک کاڵا لە ئێرانەوە بۆ هەرێمی کوردستان و هەولێر سنووردار بوو، ''بەڵام ئێستا ئەو گرفتە نەماوە و سەرجەم ئەو کاڵایانەی کە بەپێی یاساکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ وڵاتانی دیکە دەچن، بۆ هەرێمی کوردستانیش هەناردە دەکرێن.''
500 هەزار زیارەتکار بە هەرێمی کوردستاندا تێدەپەڕن
بەشێک لە رێککەوتنەکەی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامیی ئێران سەبارەت بە هاتووچۆی زیارەتکارانی شوێنە پیرۆزەکان لە رێگەی هەولێرەوەیە.
ئومێد خۆشناو لەوبارەوە دەڵێت، لەسەر ئەوە رێککەوتن کرابوو کە بۆ یەکەم جار لە مێژوودا، "زیارەتکارانی شوێنە پێرۆزەکانی عێراق بە سنووری هەرێمی کوردستان و هەولێردا تێپەڕن و سەردانی شارەکانی وەکو نەجەف و کەربەلا بکەن؛ دەشڵێت، ''پار یەکەم ئەزموونی پڕۆسەکە بوو و نزیکەی 70 بۆ 80 هەزار گەشتیار بەپێی پلانی ئەوان و ئامادەکاریی ئێمە، لە هەرێمی کوردستانەوە تێپەڕین کە ئەمساڵ ژمارەکە زیاتریش دەبێت.''
پارێزگاری هەولێر لە وەڵامی سەنگەر عەبدولڕەحمان کە هاتنی زیارەتکاران لەو رێگەیەوە چ سوودێکی بۆ هەرێمی کوردستان دەبێت، گوتی، ''هاتنی زیارەتکاران هەرچەند بۆ نەجەف و کەربەلایە، بەڵام پەیوەندی بە بازاڕ، چێشتخانە و ئۆتۆمبێلەکانی ئێمەوە هەیە کە کاری گواستنەوە دەکەن و ئەو خەڵکە لەگەڵ هەرێمی کوردستان ئاشنا دەبن، رەنگە هەندێک لە زیارەتکاران بۆ چەند رۆژێکیش لە هەرێمی کوردستان بمێننەوە.''
ئومێد خۆشناو باس لەوە دەکات سەرۆک مەسعود بارزانیش بۆی گرنگ بووە کە ئەو ئاسانکارییە بۆ زیارەتکاران ئێران بکرێت، کە بەو شێوەیە رێگەی کەربەلا و نەجەف زۆر کورت دەبێتەوە؛ گوتیشی، ''ئەمساڵ ئامادەکاری کراوە نزیکەی نیو ملیۆن کەس لێرەوە هاتووچۆ بکەن و بە بەردەوامی سنوورەکانی ئێمە بۆ خەڵکی کۆماری ئیسلامیی ئێران کراوە دەبن بۆ ئەوەی بتوانن لە سەرجەم رۆژەکانی ساڵدا بە ئاسانی هاتووچۆ بکەن.''
پارێزگاری هەولێر لەبارەی جووڵەی بازرگانی لە دەروازەی سنووریی حاجی ئۆمەران ئاشکرای کرد، جووڵەی بازرگانی لەو دەروازە سنوورییەوە لەگەڵ ئێران 24٪ زیادی کردووە.
دەروازەیەکی سنووریی نوێ دەکرێتەوە
ئومێد خۆشناو باسی لە کردنەوەی دەروازەیەکی سنووریی نوێ کرد و گوتی، ''وەزیری ناوخۆ سەرپەرشتی بەشی زۆری بابەتەکە دەکات. ئێمەش وەکو پارێزگا و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ئامادەکارییەکانمان کردوون و دەروازە سنوورییەکە دەکەوێتە سنووری سیدەکان- شنۆ.''
پارێزگاری هەولێر گوتی، ''حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو ئامادەکارییەکی بۆ کردنەوەی دەروازە سنوورییەکە کردووە و کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش لەسەر ئەو بابەتە جیدییە؛ بۆیە لە کەمتر لە دوومانگی داهاتوودا دەروازە سنوورییەکە بەسەر هاووڵاتییاندا دەکرێتەوە.''
ئومێد خۆشناو باسی لەوەش کرد، لە کۆبوونەوەکاندا جەخت لەوە کراوەتەوە کە ''ئێمە رێز لە سەروەریی کۆماری ئیسلامیی ئێران بگرین و ئەوانیش رێز لە سەروەریی هەرێمی کوردستان و عێراق بگرن".
لە کاتی سەردانی شاندەکەی هەرێمی کوردستان بۆ ئێران، ئاڵای کوردستان بە فەرمی لە کۆبوونەوەکاندا نەبوو و ئەوەش نیگەرانی شاندەکەی هەرێمی کوردستانی لێکەوتەوە. ئومێد خۆشناو لەوبارەوە گوتی، ''رەخنەمان لەو کارە گرت و ئەوان وەڵامیان ئەوە بوو کە هیچ هەستیارییەکمان بەرامبەر ئاڵای هەرێمی کوردستان نییە و تەنیا بە گرفتێکی پڕۆتۆکۆڵی وەسف کرا.''
پارێزگاری هەولێر بە جلوبەرگی کوردی کە نەخشەی هەرێمی کوردستان لە سەر سنگی بوو بەشداری کۆبوونەوەکانی سەردانەکەی کرد کە ئەوەش لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانی ئێران و هەرێمی کوردستان دەنگدانەوەی زۆری هەبوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ