حیزبی شیوعی کۆنگرە دەبەستێت و سکرتێری نوێ هەڵدەبژێرێت

03-06-2025
سۆران حوسێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

لەم مانگەدا حیزبی شیوعیی کوردستان کۆنگرە دەبەستێت. ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی حیزبەکە دەڵێت، لە کۆنگرەدا سکرتێری نوێ هەڵدەبژێرن.
 
هیوا عومەر، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی حیزبی شیوعی کوردستان، ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "کۆنگرە لەم مانگەدا دەبێت و بە دیاریکراوی لە نزیک 20ـی مانگدا دەبێت".
 
کۆنگرەکە دەبێتە هەشتەمین کۆنگرەی حیزبی شیوعی کوردستان و بڕیارە لە شاری دهۆک بە بەشداریی نزیکەی 200 ئەندام بەڕێوەبچێت.
 
هیوا عومەر گوتی: "بەگوێرەی پەیڕەوی نێوخۆمان، کەسی یەکەمی حیزب کە سکرتێری کۆمیتەی ناوەندییە دوو خول زیاتر ناتوانێت خۆی بەربژێر بکاتەوە، بۆیە سکرتێری نوێ هەڵدەبژێردرێت".
 
لە دوو خولی رابردوودا، د. کاوە مەحموود، سکرتێری کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی شیوعی بووە، بە گوتەی هیوا عومەر، بەپێی پەیڕەوی نێوخۆیان ناتوانێت خۆی بەربژێر بکاتەوە.
 
حیزبی شیوعی کوردستان، چوار ساڵ جارێک کۆنگرە دەکات. ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی حیزبەکە گوتی: "لە کۆنگرەدا ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندیی هەڵدەبژێردرێن و ئەوان دواتر سکرتێر هەڵدەبژێرن".
 
بە گوتەی هیوا عومەر، هەموو ئەندامانی کۆنگرە مافی ئەوەیان هەیە خۆیان بەربژێر بکەن بۆ کۆمیتەی ناوەندی و دواتر هەرکەس بووە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی، مافی هەیە خۆی بۆ سکرتێری گشتیی کۆمیتەکە بەربژێر بکات.
 
کۆنگرەی حەوتەمی حیزبی شیوعی کوردستان لە 27-10-2021 لە شاری هەولێر بەڕێوەچوو.
 
حیزبی شیوعی کوردستان سەرەتا وەک رێکخراو لە یەکەمین کۆنگرەی حیزبی شیوعی عێراقدا لە ساڵی 1945 بە رەچاوکردنی تایبەتمەندێتی نەتەوەیی، بەناوی لقی کوردی حیزبی شیوعی عێراق راگەیێندراو مافی دانانی بەرنامە ‌و پێڕەوی نێوخۆی پێدرا، پاشان بووە لقی کوردستان. 
 
لە مانگی ئایاری 1966دا، لقی کوردستان یەکەمین کۆنفرانسی خۆی بەست و دواتر لە سێیەمین کۆنفرانسی حیزبدا لە کانوونی یەکەمی 1967 ناوەکەی گۆڕدرا بۆ رێکخراوی ھەرێمی کوردستانی حیزبی شیوعی عێراق، پاشان لە ئایاری 1969دا کۆنگرەی یەکەمی خۆی بەست.
 
دوای راپەڕینی ئاداری 1991، رێکخراوی ھەرێمی کوردستان دووەمین کۆنگرەی خۆی لە 30-6-1993 بەست و حیزبی شیوعی کوردستان، عێراقی وەک درێژەپێدەری رێکخراوی ھەرێمی کوردستان راگەیاند.
 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی

جێگری پارێزگاری سلێمانی: هاوئاهەنگییەکەی تۆڕی میدیایی رووداو کارەکانی باشتر کرد

جێگری پارێزگاری سلێمانی ستایشی رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات لە بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵ و دەڵێ، ئەو هاوئاهەنگییەی رووداو دروستی کرد، کارەکانی گەورەتر و باشتر کرد؛ ئاماژە بەوەش دەکات، قەرەبووەکە ماڵ، کاسبکار، ئۆتۆمبێل و فەرمانگە حکومییەکانیش دەگرێتەوە.