وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی: چەندین سەنتەری نوێی ئۆتیزممان کردوونەتەوە

03-06-2025
ژیڤان بەکر
ژیڤان بەکر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی دەڵێت، چەندین سەنتەری نوێی ئۆتیزمیان لە هەرێمی کوردستان کردووەتەوە؛ خەریکن لە قەزای دیکەیش سەنتەری نوێ دەکەنەوە، "کۆمەڵێک ئیمتیازمان بۆ منداڵانی ئۆتیزم، نابینا، بیرکۆڵ و نابیست تەرخان کردووە."
 
ئەمڕۆ 3ی حوزەیرانی 2025، کوێستان محەممەد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "چەندین سەنتەری تازەی ئۆتیزممان لە کفری، ئاکرێ، بازیان، هەڵەبجە و کەلار کردوونەتەوە؛ لە رۆژانی داهاتوودا لە قەزای دیکەی هەرێمی کوردستان، سەنتەری نوێ دەکەینەوە."
 
بە گوتەی وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان، رێنمایی کردنەوەی سەنتەری ئۆتیزمیان هەموار کردووەتەوە؛ بە شێوەیەکە کە کەرتی تایبەت بتوانێت سەنتەری ئۆتیزم بکاتەوە و لەنێوان خۆیان کێبڕکێ بکەن بۆ ئەوەی نرخەکان دابەزێنن.
 
کوێستان محەممەد دەڵێت، هەر ماڵێک دوو منداڵی ئۆتیزمیان هەبێت، دایک و باوکی دەتوانن مۆڵەتی بەخێوکەر وەربگرن. هاوکات وامان کردووە کە هەموو منداڵێکی ئۆتیزم بتوانێت لە نەخۆشخانەی حکومی چارەسەر وەربگرێت.
 
کوێستان محەممەد دەشڵێت، "کارمان لەسەر ئەوە کردووە کە منداڵانی ئۆتیزم پشکنینیان بەبێ بەرامبەر بۆ بکرێت و هەر خێزانێکی ئۆتیزم بچێتە فڕۆکەخانە، یەکسەر مامەڵەکانیان بۆ جێبەجێ دەکرێت."
 
لەبارەی ئەو منداڵانەی ئۆتیزم کە مووچەیان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان نییە، کوێستان محەممەد روونیکردەوە، "پشکنینمان بۆ کۆمەڵێک منداڵ کردووە کە ئۆتیزمیان هەیە و ناوەکانیانمان لە لیستێک تۆمار کردووە و بردوومانەتە بەغدا؛ خۆم دوو جار سەردانی بەغدام کردووە و هێشتا جێبەجێ نەبووە."
 
لەبارەی ئاسانکاریی منداڵانی ئۆتیزمەوە، ئەو وەزیرە ئاماژەیدا، "ئەو منداڵانەی سەردانی سەنتەرەکانی ئۆتیزمی حکومی دەکەن، بە پاسی حکومی هاتووچۆی پێ دەکرێت. هاوکات بەیانیان ژەمەنانێکی سووکیان هەیە و پارەی گیرفانیان هەیە مانگانە 30 هەزار دیناریان پێدەدرێت و ئەمە یەکەم جارە."
 
گوتیشی: "پەیمانگەکانی نابینایان، بیرکۆڵ، نابیست و ئەوانی دیکەیش... هەمان ئیمتیزاتیان هەیە"
 
کوێستان محەممەد دەڵێت، ''لە قەزای سەیدسادق 50 منداڵی ئۆتیزم هەن، بەڵام قەزاکە هیچ سەنتەرێکی ئۆتیزمی لێنییە''.
 
لەبارەی لێبووردنی گشتییەوە، کوێستان محەممەد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان گوتی: "وەک حکومەت پڕۆژەیاسایەکمان ئامادە کردووە، 10 پەرلەمانتاری هەرێمی کوردستانیش پڕۆژەیاسایەکیان ئامادە کردووە؛ یەکەم کۆبوونەوەمان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان کردووە؛ بەڵام لە یەکەم دانیشتنی پەرلەمان دەکرێت هەردوو پڕۆژەیاسایەکە بکرێنە یەک و دەنگی لەسەر بدرێت."
 
لە کاتی هەمواری یاسای کەمئەنداماندا، داواکرا کە هەر پڕۆژەیەکی نیشتەجێبوونی نوێ دروست کرا، بەشێکی بە خۆڕایی بەو توێژە بدرێت. کوێستان محەممەد دەڵێت، "تەنیا یەک پرۆژە لە سلێمانی ئامادە بووە 7٪ی بەو توێژە ببەخشێت، کە 45 یەکەی نیشتەجێبوونە و بە بڕیارەکە پابەند بووە."
 
تاوەکو ئێستا لە هەرێمی کوردستاندا، تەنیا منداڵانی خوار 12 ساڵ لە سەنتەرەکانی ئۆتیزم وەردەگیرت؛ وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی دەڵێت، "خەریکین باڵەخانەیەکی نوێ دروست دەکەین لە سلێمانی، ئەویان بۆ ئەو منداڵانەیە لە 12 بۆ 18 ساڵانن. ئەگەر سەرکەوتوو بوو، دەیگوازینەوە هەموو هەرێمی کوردستان."

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی

جێگری پارێزگاری سلێمانی: هاوئاهەنگییەکەی تۆڕی میدیایی رووداو کارەکانی باشتر کرد

جێگری پارێزگاری سلێمانی ستایشی رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات لە بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵ و دەڵێ، ئەو هاوئاهەنگییەی رووداو دروستی کرد، کارەکانی گەورەتر و باشتر کرد؛ ئاماژە بەوەش دەکات، قەرەبووەکە ماڵ، کاسبکار، ئۆتۆمبێل و فەرمانگە حکومییەکانیش دەگرێتەوە.