رووداو دیجیتاڵ
رۆشنا تەمەنی 38 ساڵە، خەڵکی هەڵەبجەیە و 5 منداڵی هەیە؛ بەرکەوتەی چەکی کیمیاییە و بە درێژایی تەمەنی بە ئازاری سییەکانیەوە دەناڵێنێت. ئەو داوا دەکات هاوکاری بکرێت و بۆ وەرگرتنی چارەسەر بنێردرێتە دەرەوە، دەشڵێت، "ئەمە ژیان نییە و بمرم باشترە."
رۆشنا حەمە ئەمین، بەرکەوتەی چەکی کیمیایی دەڵێت، "لێرەوە داوا لە کاک بافڵ و کاک مەسرور دەکەم، هەردوو حیزبە دەسەڵاتدارەکە کە خۆیان بە خاوەنی خەڵک و میلـلەت و دڵسۆزی کەسوکاری شەهیدان دەزانن، با بێن چارەسەری من بکەن، چارەسەرەکەم لێرە نییە و لە دەرەوەیە. رۆژ و شەو ئازارم زۆرە، زۆر ناخۆشە و دەبێت بەردەوام پاڵبکەوم. ئەمە ژیان نییە و زۆر ناخۆشە، تەنگەنەفەسم، بمرم باشترە. منداڵەکانم هەرکەسەو لە شوێن وماڵێکە."
شنۆ حەمە ئەمین، بەرکەوتەی چەکی کیمیایی و خوشکی رۆشنا دەڵێت، "تەندروستیی خوشکەکەم زۆر ناجێگیرە، لەبەر ئەوەی تووشی نەزیفی داخلی بووە، هی سییەکانی. خۆیشم بەرکەوتەی چەکی کیمیاییم، خاوەنی چوار شەهیدی کیمیابارانی هەڵەبجەین، دایک و باوک و برام. ئەم خوشکەم ناوی هەیە کە شەش مانگ جارێک بیبەنە دەرەوە بۆ ئێران، یەکێکە لە بەرکەوتووە سەختەکانی چەکی کیمیایی لە هەڵەبجە، بەڵام ئێستا کەسیان وەکو ئەم ژیانیان لە مەترسیدا نییە، چەند ساڵێکە نەبراوەتە دەرەوە بۆ چارەسەر. برایەکیشم یەکێک بوو لە ونبووەکانی هەڵەبجە و دوای 16 - 17 ساڵ دۆزرایەوە. ئەو چارەسەری بۆ کراوە و لە وڵاتی نەمسایە، سوپاس بۆ خودا هیچ کێشەیەکی نییە ئێستا. رۆشنای خوشکم تەمەنی 8 مانگ بوو کاتێک کیمیایی لە هەڵەبجە درا."
بەشێکی بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی بۆ وەرگرتنی چارەسەر بەردەوام دەبێت سەردانی دەرەوەی وڵات بکەن، ئەوەش لە توانای ئەواندا نییە.
لوقمان عەبدولقادر، سەرۆکی کۆمەڵەی قوربانییانی هەڵەبجە دەڵێت، "بارودۆخی بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی زۆر زۆر خراپە ئێستا، ئەو بەڕێکردنانەی پێشتر بۆ دەرەوەی وڵات هەبوون، راگیراون. لەکاتی هاتنی جەنابی سەرۆکی حکومەت بۆ هەڵەبجە، یاداشتێکمان پێشکێش کردووە، نوێنەرایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران لیژنەیەکیان ناردە هەڵەبجە و رۆژێک لەگەڵ کۆمەڵەی قوربانییان و رۆژێک لەگەڵ ئیدارەی نەخۆشخانەی کیمیاباران قسەیان کردووە، دوای دەرەنجامی ئەمەش پێشنیاز کراوە بۆردێک لە ئاستی ئەنجوومەنی وەزیران دروستبکرێت و نوێنەری کۆمەڵەکەی ئێمەشی تێدابێت، بەڵام بەداخەوە ئەو نووسراوە ماوەیەکی زۆرە لە وەزارەت دەرچووە و هێشتا بەدەست ئێمە نەگەیشتووە."
لە هەرێمی کوردستان 808 بەرکەوتەی چەکی کیمیایی هەن، 300 لەوانە لە هەڵەبجەن و 60یشیان پێویستیان بە نەشتەرگەریی چاوە، 25 لەوانە دەبێت ئۆکسجین بەکاربهێنن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ