رووداو دیجیتاڵ
لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەرێمی کوردستان دەڵێن، چاوەڕێ دەکەن ئەم جەژنە سەتان هەزار گەشتیار بێنە ناوچەکانی سنووری هەرێمی کوردستان.
نەریمان فازڵ، بەڕێوەبەری راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گەشتوگوزاری هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، وەکو هەموو بۆنەکانی دیکە ئامادەکاریی تەواویان کردووە بۆ پێشوازی لە گەشتیاران، تەنانەت تیمەکانیان لە بازگەکانی هەولێر پێشوازی لە گەشتیاران دەکەن.
ئەو بەرپرسەی گەشتوگوزاری هەولێر گوتیشی، لیژنەی چاودێرییش سەردانی ئەو شوێنانە دەکەن کە گەشتیارەکان لێیان دەمێننەوە بۆ چاودێریکردنی بازاڕ و نرخ.
بە گوتەی بەڕێوەبەری راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گەشتوگوزاری هەولێر، "پارێزگای هەولێر توانای لەخۆگرتنی 45 هەزار گەشتیاری بۆ شەوێک هەیە؛ چاوەڕێ دەکەین بۆ جەژن نزیکەی 100 هەزار گەشتیار سەردانی پارێزگای هەولێر بکەن."
گەشتوگوزاری دهۆک: لە بازگەکان پێشوازی لە گەشتیاران دەکەین
شەماڵ هرووری، گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری دهۆک بە رووداوی گوت، " لە هەموو بۆنەیەکدا ئامادەکاری بە پلانی جیاواز دەکەین؛ بۆ جەژنی قوربانیش هەموو ئامادەکارییەکانمان کردوون؛ چەند تیمێکی خزمەتگوزاریمان لە بازگەکان ئامادەکردووە کە بە شیرینی، ئاو و شەربەت پێشوازی لە گەشتیاران دەکەن."
هرووری دەڵێت، چاوەڕوانن ئەم جەژنە گەشتیار و سەردانکاری زیاتر سەردانی دهۆک بکەن بەراورد بە جەژنی رەمەزان، چونکە کەشوهەوا گەرمە و تاقیکردنەوەی بەشێکی زۆری قوتابیان تەواو بووە؛ گوتیشی، "پێشبینی دەکەین بۆ جەژنی قوربان زیاتر لە 50 هەزار گەشتیار سەردانی پارێزگای دهۆک بکەن."
ئەمین سەلیم، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری ئاکرێ بە رووداوی گوت، هەموو ئامادەکارییەکان دەست پێکردووە بۆ پێشوازیکردن لە گەشتیاران؛ ئاماژەی بەوەش کرد، "لەگەڵ نووسینگەکان هاوئاهەنگیمان کردووە بۆ ئەوەی باخ و خانوو بە کرێ بە هاووڵاتیان بدرێت، چونکە لە ئاکرێ هۆتێل نییە تاوەکو گەشتیاران و سەردانیکەران کێشەی مانەوەیان نەبێت."
بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری ئاکرێ گوتیشی، "هەموو خواردنگە و شوێنە گەشتیارییەکان کراوە دەبن؛ پێشبینی هاتنی نزیکەی 30 هەزار گەشتیار دەکەین."
گەشتوگوزاری زاخۆ: چاوەڕێی ژمارەیەکی زۆر گەشتیار دەکەین
بێوار سندی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گەشتوگوزاری زاخۆ بە رووداوی راگەیاند، "پلانی زۆر باشمان بۆ راکێشانی سەرنجی گەشتیاران راکێشاوە؛ شوێنە گەشتیارییەکانی سنووری زاخۆ جێگەی سەرنجی گەشتیارانن. بەهۆی پرۆسەی چارەسەریی تورکیاوە ئارامی لە ناوچەکەمان زیاتر بووە؛ بۆیە چاوەڕێی هاتنی گەشتیار زیاتر دەکەین."
بێوار سندی دەڵێت، "جەژنی رەمەزان نزیکەی 45 هەزار گەشتیار سەردانی زاخۆیان کرد. بۆ ئەم جەژنە بەهۆی کەشوهەوا و تەواوبوونی تاقیکردنەوەکان چاوەڕێی زیاتر لە 50 هەزار گەشتیار دەکەین."
هاوکات هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی بە رووداوی گوت، "ئامادەکاریی تەواو کراوە بۆ رەخساندنی کەشێکی ئارام و لەبار بۆ بەڕێوەچوونی جەژنی قوربان و پێشوازیکردن لە میوان و گەشتیاران؛ هەروەها پێشبینیی هاتنی ژمارەیەکی زۆری گەشتیار دەکەین."
گەشتوگوزاری هەڵەبجە: چاوەڕێی 80 هەزار گەشتیار و سەردانیکار دەکەین
هەورامان جەلال، بەڕێوەبەری راگەیاندنی گەشتوگوزاری هەڵەبجە بە رووداوی راگەیاند، "لەگەڵ هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان هاوئاهەنگیی تەواومان کردووە. لیژنەکانمان چاودێریی بازاڕ و بازگەکان دەکەن؛ سەردانی شوێنە گەشتیارییەکانمان کردووە و رێنماییمان پێداون؛ هێڵی پەیوەندی راگەیێندراوە و لە کاتی بوونی هەر سکاڵایەکدا گەشتیاران دەتوانن پەیوەندیمان پێوە بکەن."
بەڕێوەبەری راگەیاندنی گەشتوگوزاری هەڵەبجە گوتی، "ئەگەر هیچ گرفتێک نەیەتە پێشەوە، چاوەڕێی هاتنی زیاتر لە 80 هەزار گەشتیار دەکەین."
هاوکات فەیسەل سادق، بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری سۆران بە رووداوی گوت، "ئامادەکارییەکان دەستیان پێکراوە؛ چاوەڕێ دەکەین گەشتیارێکی زۆر بێتە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، چونکە کەشوهەواکەی ناوچەکە فێنک و لەبارە، هاوئاهەنگیی تەواومان لەگەڵ هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکانی تەندروستی، هێزە ئەمنییەکان، رێگەوبان، بەرگریی شارستانی و شارەوانییەکان کردووە."
لەبارەی هاتنی گەشتیاران بۆ ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، فەیسەل سادق گوتی، "پێشبینیی هاتنی نزیکەی 100 هەزار گەشتیار دەکەین، لە کاتێکدا جەژنی رەمەزان زیاتر لە 100 هەزار گەشتیار هاتبوو."
6ـی ئەم مانگە یەکەم رۆژی جەژنی قوربانە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ