وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لەبارەی لێبڕینی 3%ی مووچە: لەسەر بڕیاری وەزیری دارایی عێراقە

03-06-2025
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی دارایی لەبارەی لێبڕینی 3%ی مووچە رایگەیاند، "ئەو لێبڕینە هیچ پەیوەندیی بە حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستانەوە نییە، بەڵکو لەسەر بڕیاری وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ و خودی وەزیری دارایی حکومەتی فیدراڵ ئەو بڕیارە جێبەجێ کراوە."
 
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەیدا وەزارەتەکە دەڵێت، "مانگانە لەلایەن وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵەوە لە مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان گل دەدرێتەوە، راستەوخۆ دەچێتە ناو سندوقی خانەنشینی یەکگرتووی حکومەتی فیدراڵەوە."
 
بە گوتەی وەزارەتی دارایی، چەند پەرلەمانتار و کەسێک کە بە "پۆپۆلیست و بەناو رەخنەگر" ناوی بردوون، دەڵێت، بێ ئاگان و "لەسەر هەموو شت قسە دەکەن، بەبێ ئەوەی هیچ شارەزاییەکیان لەو بابەتانەدا هەبێت چەندین بوختان و چەواشەکارییان لەسەر ناوەرۆکی گشاندنەکە بڵاوکردووەتەوە."
 
هاوکات وەڵامی پەرلەمانتارێکی یەکگرتووی ئیسلامیی کورستان لە پەرلەمانی عێراق (دارا سێکانیانی) و "هاوشێوەکانی و ئەو کەس و لایەنانەی کوێرانە بوختانیان بۆ حکومەت و وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان" کردووە لەم بابەتەدا، بە ئایەتێکی قورئان دەداتەوە و نووسیویەتی "يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا إِن جَاءَكُمْ فَاسِقٌ بِنَبَإٍ فَتَبَيَّنُوا أَن تُصِيبُوا قَوْمًا بِجَهَالَةٍ فَتُصْبِحُوا عَلَىٰ مَا فَعَلْتُمْ نَادِمِينَ."
 
دەقی روونکردنەوەی بەڕێوبەرایەتیی گشتیی ژمێرکاری/ وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان:
 
لەدوای بڵاوبوونەوەی گشتاندنی دارایی ژمارە (٤)ی ساڵی (٢٠٢٥ ) لە رێکەوتی (٢٠٢٥/٦/٢ ) تایبەت بە لێبڕینی خانەنشینی، وەک لە گشتاندنەکەدا هاتووە کە پاڵپشتە بە جێبەجێکردنی یاسای خانەنشینی یەکگرتووی عێراق و دوو نوسراوی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ژمارە ( ٥٩٨٩ لە ٢٠٢٥/٥/١٥ ) و ژمارە ( ٦١٧٠ لە ٢٠٢٥/٥/١٩ ) و کۆنوسی کۆتایی لیژنەی فەرمانی دیوانی ژمارە ( ٢٤٦٦٠ ) ی ساڵی ( ٢٠٢٤ ).
 
لێرەو لەوێ لەلایەن چەند پەرلەمانتارێکی پۆپۆلیست و کەسانی بەناو ڕەخنەگری بێ ئاگا کە لەسەر هەموو شت قسە دەکەن بەبێ ئەوەی هیچ شارەزاییەکیان لەو بابەتانەدا هەبێت چەندین بوختان و چەواشەکارییان لەسەر ناوەرۆکی گشاندنەکە بڵاوکردووەتەوە.
 
لەپێناو ئەوەی چیتر رای گشتی بەلاڕێدا نەبرێت بە پێویستمان زانی بەم چەند خاڵەی خوارەوە راستییەکان بخەینەڕوو.
 
١- دوای بەرکاربوونی یاسای خانەنشینی یەکگرتوو ژمارە ( ٩ ) ی ساڵی ( ٢٠١٤ ) لە هەرێمی کوردستان بەپێی بریاری ژمارە ( ٢٥٩ ) لە ٢٠٢٤/٧/٣ و سەپاندنی ڕێژەی ( ١٠٪ ) لێبڕینی خانەنشینی ( توقیفات التقاعدیە ) لەسەر فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بەمەش ڕێژەی ( ٣٪ ) لێبڕینی خانەنشینی لە ڕێکەوتی ( ٢٠١٤/١/١) تا ( ٢٠٢٤/٦/٣٠ ) وەکوو قەرز تۆمار دەکرێت لەسەر فەرمانبەران و خانەنشینان کە بەپێی نوسراوی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ بەژمارە ( ١٩١٠٠ ) لە ڕێکەوتی ( ٢٠٢٥/٥/٨ ) کە ئاڕاستەی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم لە بەغداد کراوە و تیایدا کۆنوسی لیژنەی کۆتایی لە ڕێکەوتی ( ٢٠٢٥/٣/٩ ) هاوپێچ کراوە ئەم لێبڕینەی سەپاندووە بەسەر فەرمانبەران و خانەنشینانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ لە ڕێکەوتی ( ٢٠٢٥/٦/١ ) لێبڕینەکە لە مووچەی خانەنشینان و فەرمانبەران دەخاتە بواری جێبەجێ کردنەوە.
 
٢- ئەو لێبڕینە هیچ پەیوەندی بە حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستانەوە نییە، بەڵکو لەسەر بڕیاری وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ و خودی وەزیری دارایی حکومەتی فیدراڵ ئەو بڕیارە جێبەجێ کراوە، لەمانگی شوباتەوە وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ هەوڵیداوە ئەو لێبڕینە جێبەجێ بکات و بەماوەیەکی کورتیش پارەکە وەربگرێتەوە ، بەڵام بەهەوڵی تیمەکانی وەزارەتمان ماوەی وەرگرتنەوەی ئەو قەرزە درێژ کرایەوەو چەند مانگێکیش جێبەجێکردنەکەی دواخرا، کە هەموو مانگێک وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ ئەو لێبڕینەی کردبووە یەکێک لە مەرجەکانی ناردنی تەمویلی مووچە.
 
٣- چۆن جێبەجێکردنی یاسای خانەنشینی یەکگرتووی عێراق بۆتە هۆی سودمەند بوونی سەدان هەزار خانەنشین و فەرمانبەر کە لە داهاتودا بەم یاسایە خانەنشین دەبن، دەبێت ئەو پابەندیەش جێبەجێ بکرێت کە بریتییە لە دانەوەی ئەو جیاوازی لێبرینە کە لایەنێکی تری یاساکەیە.
 
٤-ئەم لێبڕینی لە ( ٣٪ )یە، کە مانگانە لەلایەن وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵەوە لە مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان گل دەدرێتەوە، ڕاستەوخۆ دەچێتە ناو سندوقی خانەنشینی یەکگرتووی حکومەتی فیدراڵەوە .
 
٥- جێبەجێکردنی ئەو لێبڕینی خانەنشینییە یەکێک بوو لە تێبینییەکانی تیمی هاوبەشی دیوانی چاودێری دارایی عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ بەرکاربونی یاسای خانەنشینی یەکگرتووی عێراق و ناردنی تەمویلی مووچەی مانگانە لە سەرەتای ئەمساڵەوە.
 
لە کۆتایدا وەڵامی پەرلەمانتاری یەکگرتووی ئیسلامی کورستان لە پەرلەمانی عێراق (دارا سێکانیانی) و هاوشێوەکانی و ئەو کەس و لایەنانەی کوێرانە بوختانیان بۆ حکومەتی هەرێم و وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێمی کوردستان کردووە لەم بابەتەدا بەم ئایەتە پیرۆزە دەدەینەوە ( يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا إِن جَاءَكُمْ فَاسِقٌ بِنَبَإٍ فَتَبَيَّنُوا أَن تُصِيبُوا قَوْمًا بِجَهَالَةٍ فَتُصْبِحُوا عَلَىٰ مَا فَعَلْتُمْ نَادِمِينَ ).
 
بەڕێوبەرایەتی گشتی ژمێرکاری / وەزارەتی دارایی و ئابووری 
٢٠٢٥/٦/٣
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 دیمەنێکی سەنتەری شاری ئاکرێ. وێنە: بڵند تاهیر- رووداو

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ: پێویستمان بە 7000 پارچە زەوییە بۆ دابەشکردن

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ رایدەگەیێنێت، رێکارەکانی دابەشکردنی زەوی دەستیپێکردووە و لە قۆناخی یەکەمدا دوو هەزار و 500 پارچە زەوی ئامادەیە. دەشڵێت، بە بڕیارێکی وەزارەتی شارەوانی، دروستکردنی خانوو لە 22 گوند راگیراوە.