رووداو دیجیتاڵ
کێشەى وەرنەگرتنى گەنمى 100 هەزار دۆنم زەویى ناوچەکانى 140 چارەسەر کرا، بۆ کێشەى گەنمى شنگالیش نووسراو رادەستى محەممەد شیاع سوودانى دەکرێت.
سێشەممە، 3ى حوزەیرانی 2025، محەممەد کاکەیی، ئەندامى ئەنجوومەنى پارێزگاى نەینەوا بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، کێشەى وەرنەگرتنى گەنمى 100 هەزار دۆنم زەوى چارەسەرکرا کە لە دەرەوەى پلانى کشتوکاڵین لە نەینەوا، بەوەى سەرجەم بڕەکەى بەهەمان نرخى گەنمى ناو پلانى کشتوکاڵى وەردەگیرێت.
زەویى ناو پلان ئەوانەن کە ئاوپرژێن دەکرێت و جووتیارەکەى بەڵگەنامەى فەرمیى خاوەندارێتیى هەیە. ئەوانەى دەرەوەى پلان ئەو زەوییانەن کە گرێبەستى کشتوکاڵییان نوێ نەکراوەتەوە و شێوازى ئاودانەکەشى کۆنە، کە دەبێتە هۆى بەفیڕۆدانى ئاو.
محەممەد کاکەیی گوتى: "ئەو هەنگاوە بە رێککەوتن کراوە لەگەڵ وەزارەتى کشتوکاڵى عێراق و نیوەى زیاتر لەو زەوییانە دەکەونە سنوورى مادەى 140 و زۆرترینى لە قەزاى مەخموورە".
بەگوێرەى بڕیارى ئەنجوومەنى وەزیران، ئەو گەنمەى بەشێوازى نوێى ئاودێرى بەرهەم هێنرابێت، هەر تۆنێکى بە 850 هەزار دینار وەردەگیرێت، ئەگەر بەشێوازى کۆن ئاودرابێت هەر تۆنێکى بە 800 هەزار دینار وەردەگیرێت.
ئەندامەکەى ئەنجوومەنى پارێزگاى نەینەوا رایگەیاند، کێشەى وەرنەگرتنى گەنمى 90 هەزار دۆنم زەوى شنگال و تلکێف ماوە چارەسەر بکرێت کە تاوەکو ئێستا وەرنەگیراون، لەگەڵ سەردانى محەممەد شیاع سوودانى بۆ نەینەوا بە فەرمى نووسراوێکى رادەست دەکەن بۆ چارەسکردنى ئەو کێشەیە.
بڕیارە 10ى ئایار سوودانى بۆ کردنەوەى فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتى موسڵ سەردانى پارێزگاى نەینەوا بکات.
بە گوێرەى ئامارى فەرمیى دەزگاى ناوەندى ئامارى عێراق، ساڵى 2024، پێنج ملیۆن و 234 هەزار تۆن گەنم بەرهەمهێنراوە، نەینەوا بە بەرهەمهێنانى یەک ملیۆن و 394 هەزار تۆن لە ریزبەندی یەکەم بووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ