لە سلێمانی و دهۆک زیاتر لە 800 منداڵ لە شەقامەکاندا کار دەکەن

03-06-2025
سۆران حوسێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
بەگوێرەی ئاماری رێکخراوی منداڵپارێزی کوردستان بۆ رووداو، لە پارێزگاکانی سلێمانی و دهۆک زیاتر لە 800 منداڵ لە شەقامەکاندا کار دەکەن و زۆرینەیان خەڵکی دەرەوەی هەرێمی کوردستان.
 
رێکخراوی منداڵپارێزی کوردستان، ساڵانە بەشێوەی مەیدانیی رێژەی منداڵانی کارکەر لەسەر شەقامەکان تۆمار دەکەن، بەگوێرەی نوێترین ئاماری رێکخراوەکە، ساڵی رابردوو 817 منداڵ لەسەر شەقامەکانی سلێمانی و دهۆک کاریان کردووە، ئاماری دوو پارێزگاکەی دیکەیان تۆمار نەکردووە.
 
بەگوێرەی داتای رێکخراوەکە، بەگوێرەی پارێزگاکان منداڵانی کارکەر بەمشێوەیە بوون:
 
مندڵانی کارکەر لە شاری سلێمانی
 
- منداڵانی خەڵکی سنوورەکە؛ 155 منداڵ، 143 کوڕ و 12 کچ.
- منداڵانی ئاوارە؛ 106 منداڵ، 92 کوڕ و 14 کچ.
- منداڵانی پەنابەر؛ 148 منداڵ، 74 کوڕ و 74 کچ.
- منداڵانی کۆچەری؛ 41 منداڵ؛ 21 کوڕ و 20 کچ.
 
مندڵانی کارکەر لە شاری دهۆک
 
- منداڵانی خەڵکی سنوورەکە؛ 231 منداڵ، 197 کوڕ و 34 کچ.
- منداڵانی ئاوارە؛ 17 منداڵ، 16 کوڕ و 1 کچ.
- منداڵانی پەنابەر؛ 41 منداڵ، 21 کوڕ و 20 کچ.
- منداڵانی کۆچەری؛ 78 منداڵ؛ 45 کوڕ و 34 کچ.
 
نوعمان عەبدولڕەحمان، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی منداڵپارێزی کوردستان، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "تەنیا ئاماری ساڵی رابردوو لەو دوو پارێزگا بەردەستە، بەڵام ساڵی پێشووتر لە ساڵی 2023، لە هەولێر 290 منداڵ لە شەقامەکانیان کاریان کردووە".
 
لە شارەکانی هەرێمی کوردستان و بەتایبەت سەنتەری پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆک منداڵان لە شەقام و ترافیک لایتەکاندا کار دەکەن و هەندێک جار مەترسی بۆ سەر ژیانی خۆیان و هاونیشتمانیانیش دروست دەکەن.
 
ئاریان ئەحمەد، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت، زۆرینەی ئەوانەی وەکو منداڵی کارکەر لە شەقامەکان تۆمار کراون خەڵکی دەرەوەی هەرێمی کوردستانن.
 
ئەو منداڵانەی وەکو کارکەر لە شەقامەکاندا تۆمار دەکرێن، تەمەنیان لەنێوان 2 بۆ 15 ساڵدایە.
 
منداڵانی کارکەر لە ساڵانی پێشتر
 
بەگوێرەی ئاماری رێکخراوی منداڵپارێزی کوردستان، ساڵی 2023 لە هەرێمی کوردستان هەزار و 220 منداڵ لە شەقامەکاندا کاریان کردووە.
منداڵانی کارکەر بەگوێرەی پارێزگاکان لە ساڵی 2023
 
سلێمانی: 540 منداڵ
دهۆک: 390 منداڵ
هەولێر: 290 منداڵ
هەڵەبجە: 0 منداڵ
 
ساڵی 2022 ژمارەکە زیاتر بووە، بەگوێرەی ئاماری منداڵپارێز، لەو ساڵەدا هەزار و 248 منداڵ لە بازاڕ و شەقامەکاندا کاریان کردووە؛ زۆرینەیان لە دهۆک بووە و لە هەڵەبجەش هیچ منداڵێکی کارکەر نەبووە.
 
منداڵانی ئیشکەر لە ساڵی 2022 بەگوێرەی پارێزگاکان بەمشێوەیەی خوارەوە بووە:
 
دهۆک: 560 منداڵ
هەولێر: 508 منداڵ
سلێمانی: 180 منداڵ
هەڵەبجە: 0 منداڵ

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە