موسەننا ئەمین پاش دیداری لەگەڵ سوودانی: مووچە نابرێتە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران

03-06-2025
سۆران حوسێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، لەگەڵ فراکسیۆنی یەکگرتوو لە پەرلەمانی عێراق کۆبووەتەوە. ئەندامێکی فراکسیۆنەکە دەڵێت: "ناتوانین بڵێین پێش جەژن کێشەکان چارەسەر دەبن".
 
لەبارەی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ سێشەممەوە، نووسینگەی راگەیاندنی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، "پێشوازیمان لە شاندێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان کرد و دڵنیامان کردنەوە، کە حکومەت لە ئاست خواستەکانی هاووڵاتییاندا دەبێت و بەدواداچوون بۆ کاروبارەکانیان دەکات لە تەواوی عێراقدا".
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، سەرۆکوەزیرانی عێراق بە شاندەکەی یەکگرتووی گوتووە: "حکومەت لە ئاست بەرپرسیارێتی یاسایی و دەستووری خۆیدا دەبێت بۆ [دابینکردنی] پێداویستییەکانی هاووڵاتییان".
 
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا هاتووە، لە کۆبوونەوەکەدا "جەختكرایەوە لەسەر پێویستیی دانانی چارەسەری رادیكاڵانە لە چوارچێوەی دەستوور و یاسادا".
 
د. موسەنا ئەمین، ئەندامی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامیی لە پەرلەمانی عێراق و بەشداربوو لە کۆبوونەوەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "کۆبوونەوەیەکی پڕ زانیاری و راشکاو بوو؛ بینیمیان نیەتێک هەیە هەیە بۆ چارەسەر".
 
موسەنا ئەمین گوتی: "ئەگەر ئیرادەیەکە لە هەرێمی کوردستانەوە هەبێت چارەسەری کێشەکان ئاسان دەبێت".
 
ئەو پەرلەمانتارەی فراکسیۆنی یەکگرتوو ئاماژەی بە نێوەڕۆکی کۆبوونەوەکە کرد و گوتی: "بەڵێنێکی دیاریکراو نەدرا، چونکە تەنیا بڕیاری ئەو [سوودانی] نییە و دادگەی فیدراڵی هەیە؛ هاوکات هەرێم و پابەندییەکانی، دەبێت بزانرێت هەرێمی کوردستان چی بەڵێنێک دەداتە عێراق تاوەکو لە بەرامبەریدا مووچە بنێردرێت. ناتوانین بڵێین پێش جەژن کێشەکان چارەسەر دەبن".
 
ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کۆدەبێتەوە، بە گوتەی موسەنا ئەمین، سەرۆکوەزیرانی عێراق بابەتی مووچەی هەرێمی کوردستان "ناباتە کۆبوونەوەکەوە چونکە نایەوێت ئاڵۆزتر ببێت".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 دیمەنێکی سەنتەری شاری ئاکرێ. وێنە: بڵند تاهیر- رووداو

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ: پێویستمان بە 7000 پارچە زەوییە بۆ دابەشکردن

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ رایدەگەیێنێت، رێکارەکانی دابەشکردنی زەوی دەستیپێکردووە و لە قۆناخی یەکەمدا دوو هەزار و 500 پارچە زەوی ئامادەیە. دەشڵێت، بە بڕیارێکی وەزارەتی شارەوانی، دروستکردنی خانوو لە 22 گوند راگیراوە.