رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانتارێکی دەم پارتی دەڵێت، لە داهاتوویەکی نزیکدا لیژنەیەک لە پەرلەمانی تورکیا بۆ بەرەوپێشبردنی پڕۆسەی چارەسەری پێکدەهێندرێت؛ ئاماژە بەوەش دەکات: ''پارتێک لە پەرلەماندا دژی پڕۆسەی چارەسەرییە، بەڵام کاریگەریی ئەوتۆی لەسەر پڕۆسەکە نابێت.''
ئەمڕۆ پێنجشەممە 03-07-2025، محەممەد کاماج، پەرلەمانتاری دەم پارتی لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 14:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە زانا کایانی پێشکێشیکرد، لەبارەی چەکدانانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) رایگەیاند: ''نەخشەڕێگەکەی دیار نییە؛ ناتوانم بڵێم کامە رۆژ بە شێوەیەکی فەرمی چەک دادەنرێ.''
محەممەد کاماج گوتی: ''ئێستا بابەتی چەکدانان لە رۆژەڤدایە، واتە دەوڵەتی تورکیا دەیەوێت و دەڵێت، پێویستە پەکەکە چەکەکانی دابنێت. هەمان بابەت دوای بانگەوازەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان (رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە) لە لایەن پەکەکەوە بڕیاری لەسەر دراوە''.
ئەو پەرلەمانتارەی دەم پارتی گوتی، شێوەی چەکدانانی پەکەکە ''بابەتێکە لەنێوان بەڕێز ئۆجەلان، پەکەکە و دەوڵەتی تورکیایە و نەخشەڕێگەکەی چۆنە، زانیارییەکان لای ئێمە نین.''
چاوەڕوان دەکرێ پەرلەمانی تورکیا لە داهاتوویەکی نزیکدا لیژنەیەکی 30 بۆ 40 کەسی پێکبێنێت بۆ ئەوەی بە مەبەستی بەرەوپێشبردنی پڕۆسەی چارەسەری هەندێک پێشنیاز ئامادە بکات.
محەممەد کاماج دەڵێت: ''بە بانگەوازیی باخچەلی، (سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی - مەهەپە) ئەم پرسە لە ئاستی پەرلەماندا کرایە رۆژەڤ، واتە پێویستە پرسی کورد لە باکووری کوردستان لە پەرلەماندا بخرێتە بەرباس بۆ ئەوەی کاتێک پەرلەمان ئەو پرسانە بەڕێوەدەبات، پارتە سیاسییەکانی نێو پەرلەمان و دەرەوەی پەرلەمانیش، لەنێو پڕۆسەکەدا جێگەی خۆیان بگرن.''
بەگوتەی ئەو پەرلەمانتارەی دەم پارتی، ''لە رۆژانی داهاتوودا تاوەکو هەفتەیەک بۆ 10 رۆژی دیکە، لیژنەکەی پەرلەمان پێکدەهێندرێت.''
وەک محەممەد کاماج گوتی، پەرلەمانتارانی کوردیش لە لیژنەکەی پەرلەماندا بەشدار دەبن و رایگەیاند: ''تاوەکو ئەم پڕۆسەیە بە سەرکەوتوویی کۆتایی دێت، لە کار و خەباتی خۆمان بەردەوام دەبین''.
ژمارەیەک لە لایەنە سیاسییەکان، بەتایبەتی ئیی پارتی کە پارتێکی نەتەوەپەرستە، دژی گۆڕینی دەستوور و پڕۆسەی چارەسەرییە.
ئەو پەرلەمانتارەی دەم پارتی گوتی: ''تەنیا یەک پارت لە پەرلەماندا دژی پڕۆسەی چارەسەرییە، بەڵام کاریگەرییەکی ئەوتۆی لەسەر پڕۆسەکە نابێت. گفتوگۆ لەگەڵ ئەو پارتە دەکرێت بۆ ئەوەی دژایەتی نەکات و بەشدار بێت لەو لیژنەیەی لە پەرلەمان پێکدەهێندرێ.''
محەممەد کاماج گوتی، هەفتەی داهاتوو شاندێکی دەم پارتی و رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لەسەر بابەتەکانی گرێدراو بە پڕۆسەی چارەسەری کۆدەبنەوە و گوتیشی: ''دوای کۆبوونەوەکە، نێورۆکی گفتوگۆکە بۆ رای گشتی و میدیاکان ئاشکرا دەکرێت.''
دوای چەند سەردانێکی شاندی دەم پارتی بۆ لای عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە ئیمرالی، رێبەری پەکەکە لە 27ی شوباتی ئەم ساڵ داوای لە پارتەکەی کرد کۆنگرە ببەستێت، چەک دابنێت و خۆی هەڵبوەشێنێتەوە.
لەسەر ئەو داوایەی ئۆجەلان، پەکەکە لە رۆژانی 5 -7ی ئایار 12یەمین کۆنگرەی خۆی بەست و بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری دا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ