گوتەبێژی کەجەکە دەڵێت، 10 تاوەکو 12ی تەممووز یەکەم گرووپی گەریلاکان لە سلێمانی چەکەکانیان دادەنێن

04-07-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
زاگرۆس هیوا، گوتەبێژی کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە)، باڵی سیاسیی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دەڵێ، لە نێوان 10 بۆ 12ی تەممووز، یەکەم گرووپی گەریلاکان کە لە 20 تا 30 کەس پێکدێت، لە سلێمانی چەکەکانیان دادەنێن. 
 
پەکەکە لە مانگی ئایاردا رایگەیاند، خۆی هەڵدەوەشێنێتەوە و واز لە خەباتی چەکداری دەهێنێت و کۆتایی بە چوار دەیە لە پێکدادان و شەڕ لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا دێنێت. ئەو بڕیارە دوای ئەوە هات کە عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە مانگی شوباتدا داوای لە پەکەکە کرد کۆنگرە ببەستێ و بە فەرمی خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و چەک دابنێ.
 
زاگرۆس هیوا بە ئاژانسی هەواڵی ئەسۆشیەتد پرێسی راگەیاند، گەریلاکان "بە سەرپەرشتیی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی سڤیل و لایەنە پەیوەندیدارەکان" چەکەکانیان لەنێودەبەن؛ هەروەها گوتی، هێشتا ژمارەی ئەو گەریلا بەشداربووانە دیاری نەکراوە، بەڵام رەنگە لەنێوان 20 بۆ 30 گەریلا بن.
 
ئۆجەلان کە تەمەنی 76 ساڵە، سەرەڕای 25 ساڵ زیندانیکردنی، هێشتا کاریگەرییەکی بەرچاوی لەنێو بزووتنەوەکە هەیە، داواکارییەکەی بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ، هەنگاوێکی وەرچەرخێنەر بوو بەرەو کۆتاییهێنان بە شەڕی چل ساڵە کە لە هەشتاکانی سەدەی رابردووەوە بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی دەیان هەزار کەس.
 
زاگرۆس هیوا ئاماژەی بەوەشکرد، بۆ ئەوەی پەکەکە هەنگاوی زیاتر بەرەو چەکدانان بنێت "پێویستە ئەو گۆشەگیرییەی لە زیندان بەسەر ئۆجەلاندا سەپێندراوە هەڵبگیرێت و هەنگاوی دەستووری، یاسایی و سیاسی بنرێت بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی ئەو گەریلایانەی واز لە ستراتیجی خەباتی چەکداری دەهێنن بتوانن لە تورکیا تێکەڵ بە سیاسەتی دیموکراسی ببن."
 
بەرپرسێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کە بە مەرجی ئاشکرانەکردنی ناوی قسەی کردووە، بە ئەسۆشیەتد پرێسی راگەیاندووە، رێککەوتن کراوە بۆ ئەنجامدانی "لەنێوبردنێکی سیمبوولییانەی هەندێک چەکی سووک، بەمەبەستی دڵنیاکردنەوەی تورکیا" و ئەمەش بە ئامادەبوونی نوێنەرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەبێت.
 
رۆژی دووشەممە لە تورکیا، عومەر چەلیک، گوتەبێژی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی) رایگەیاند، رەنگە پەکەکە "لە چەند رۆژی داهاتوودا" دەست بە رادەستکردنی چەک بکات، بەڵام هیچ وردەکارییەکی نەخستەڕوو.
 
 چەلیک ئەوەشی خستەڕوو کە ئەردۆغان هەفتەی داهاتوو لەگەڵ ئەندامانی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتیی) زۆرینە کورد کۆدەبێتەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر هەوڵەکانی ئاشتی.
 
ئەم گوتەیە لە کاتێکدایە، رۆژی دووشەممە 30-6-2025 رووداو هەواڵێکی لەو بارەیەوە بڵاوکردەوە. 
 
ئەو رۆژە دوو سەرچاوەی ئاگادار لە بابەتەکە بە رووداویان راگەیاند، لە رۆژانی داهاتوودا ژمارەیەک گەریلا کە هێشتا ژمارەکەیان بە تەواوی یەکلایی نەبووەتەوە و لەنێوان 20 بۆ 30 کەس دا دەبن، لە رێوڕەسمێکدا لە سنووری پارێزگای سلێمانی بە ئامادەبوونی میدیاکان چەکەکانیان دادەنێن.
 
لە یەکی تشرینی یەکەمی پار، هەنگاوێک بۆ پرۆسەی چارەسەری لەلایەن حکومەتی تورکیاوە نرا. ئەم پرۆسەیە لەلایەن تورکیا بە "تورکیایەکی بێ تیرۆر" لەلایەن دەم پارتیشەوە بە "چارەسەرکردنی پرسی کورد" ناودەبرێت.
 
12ـی ئایاری 2025، پەکەکە ئەنجامی کۆنگرەی 12ـی خۆی راگەیاند کە لە 5-7ـی ئایار بەڕێوەچووبوو. پەکەکە بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و چەکدانانی دا.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە