رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێت، هەموو ئامادەکارییەک کراوە و سەرەتای هەفتەی داهاتوو هاوکاریی هاوپەیمانان بۆ مانگی حوزەیران دابەش دەکرێت.
رۆژی پێنجشەممە، سێی حوزەیرانی 2025، بەرپرسێکی وەزارەتی پێشمەرگە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "هەموو ئامادەکارییەکان کراون، تەنیا ماوە پارەکە تەمویل بکرێت، بڕیارە ئەمڕۆ تاوەکو کاژێر 1:00ـی نیوەڕۆ پارەکە بنێردرێت".
بە گوتەی ئەو بەرپرسە: "ئەگەر ئەمڕۆ پارەکە تەمویلکرا، یەکشەممە دەست بە دابەشکردنی هاوکارییەکە دەکرێت، ئەگەر نا سەرەتای هەفتەی داهاتوو پارەکە دەنێردرێت و ئەوکاتیش دەست بە دابەشکردنی دەکرێت".
دوای هەواڵەکەی تۆڕی میدیایی رووداو وەزارەتی پێشمەرگە لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە: "ئەمڕۆ هاوکاریی دارایی هاوپەیمانان بۆ مانگی 6 تەمویلی وەزارەتی پێشمەرگە دەکرێت، رۆژی یەکشەممە، 6ـی تەممووز دەست بە دابەشکردنی دەکرێت".
لە راگەیێندراوەکەی وەزارەتی پێشمەرگەدا هاتووە: "ئەم مانگە 64 هەزار و 244 ئەفسەر، پلەدار و پێشمەرگە بە سیستمی پڕۆژەی هەژماری من، هاوکاری هاوپەیمانان وەردەگرن، کە ئەمەش دەرخەری بەرەوپێشچوونی سیستمی پێدانی هاوکارییە لە وەزارەتی پێشمەرگە بە شێوەی ئەلیکترۆنی".
وەکو پشتیوانییەک بۆ پێشمەرگە و یەکخستنەوەی یەکجاریی هێزەکانی پێشمەرگە، هاوپەیمانان مانگانە نزیکەی 25 ملیۆن دۆلار دەدەنە وەزارەتی پێشمەرگە.
11ـی حوزەیران، هاوکاریی هاوپەیمانان بۆ مانگی ئایار دابەشکرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ