سەرۆک بارزانی: باشترین چارەسەر بۆ کۆتاییهێنان بە نەهامەتیی خەڵکی شنگال رێککەوتنی شنگالە

03-08-2023
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆک مەسعود بارزانی لە یادی نۆ ساڵەی کۆمەڵکوژیی کوردانی ئێزدی لە شنگال، پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، "رێککەوتنی شنگال و گەڕانەوەی ئاوارەكان، باشترین چارەسەرە بۆ ئەوەی كۆتایی بە نەهامەتی و ئازارەكانی خەڵكی شنگال بهێندرێت."
 
لە پەیامەکەیدا سەرۆک مەسعود بارزانی دەڵێت، دوای نۆ ساڵ لە تێپەڕینی كارەساتی شنگال "بەداخەوە برینەكانی شنگال ساڕێژ نەكراون و ئازار و نەهامەتی و ئاوارەیی خوشك و برایانی ئێزیدی هەر بەردەوامە." ئاماژەی بەوەش کردووە، "جێگەی پرسیارە، بۆچی تائێستا حكومەتی عێراقی نەیتوانیوە رێككەوتننامەی ئاساییكردنەوەی دۆخی شنگال جێبەجێ بكات و، تا كەی حكومەتی عێراق بوار بەو هێز و لایەنانە دەدات كە رێگری لە جێبەجێكردنی رێككەوتنی شنگال بکەن؟"
 
سەرۆک بارزانی ئەوەشی خستووەتەڕوو، گەلی كوردستان ئەو چاوەڕوانیەی لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و وڵاتانی دیکە هەیە هاوشێوەی ئەڵمانیا و بەریتانیا بە فەرمی دان بە جینۆسایدكردنی ئێزیدییەكان لەلایەن داعشەوە بنێن و بە فەرمی كیمیابارانكردن و پرۆسەكانی ئەنفال و سەرجەم تاوانەكانی دیکەش بە جینۆساید بناسن، كە بەرانبەر گەلی كوردستان ئەنجام دراون.
 
دەقی پەیامی سەرۆك بارزانی لە یادی نۆ ساڵەی کۆمەڵکوژیی کوردانی ئێزدی لە شنگال:
 
بەناوی خودای مەزن و دلۆڤان
 
دوای نۆ ساڵ لە تێپەڕینی كارەساتی شنگال بەداخەوە برینەكانی شنگال ساڕێژ نەكراون و ئازار و نەهامەتی و ئاوارەیی خوشك و برایانی ئێزیدی هەر بەردەوامە. ڕێككەوتنی نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراق لەمەڕ ئاساییكردنەوەی دۆخی شنگال و گەڕانەوەی ئاوارەكان باشترین چارەسەرە بۆ ئەوەی كۆتایی بە نەهامەتی و ئازارەكانی خەڵكی شنگال بهێندرێت. بەڵام جێگەی پرسیارە بۆچی هەتا ئێستا حكوومەتی عێراقی نەیتوانیوە ڕێككەوتننامەی ئاساییكردنەوەی دۆخی شنگال جێبەجێ بكات و، تا كەی حكوومەتی عێراق بوار بەو هێز و لایەنانە دەدات كە ڕێگری  لە جێبەجێكردنی ڕێككەوتنی شنگال بکەن؟
 
لەو یادەدا گەلی كوردستان ئەو چاوەڕوانیەی لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و وڵاتانی تر هەیە كە هاوشێوەی ئەڵمانیا و بەریتانیا بە فەرمی دان بە جینۆسایدكردنی ئێزیدییەكان لە لایەن داعشەوە بنێن و هەروەها بە فەرمی كیمیابارانكردن و پڕۆسەكانی ئەنفال و سەرجەم تاوانەكانی تریش بە جینۆساید بناسن كە بەرانبەر گەلی كوردستان ئەنجام دراون.
 
لە نۆیەمین ساڵیادی كارەساتی شنگالدا سڵاو بۆ گیانی شەهیدان و قوربانیانی ئەو تاوانە دەنێرین و، ڕۆڵی هێزی پێشمەرگەی كوردستان بەرز دەنرخێنین كە مێژوو و قارەمانێتیان تۆمار كرد و بۆ ئازادكردنی چیای شنگال و شنگال خوێنیان بەخشی و تۆڵەیان لە تیرۆریستانی داعش كردەوە.
 
مسعود بارزانی
3ـی ئابی 2023
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 دیمەنێکی سەنتەری شاری ئاکرێ. وێنە: بڵند تاهیر- رووداو

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ: پێویستمان بە 7000 پارچە زەوییە بۆ دابەشکردن

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ رایدەگەیێنێت، رێکارەکانی دابەشکردنی زەوی دەستیپێکردووە و لە قۆناخی یەکەمدا دوو هەزار و 500 پارچە زەوی ئامادەیە. دەشڵێت، بە بڕیارێکی وەزارەتی شارەوانی، دروستکردنی خانوو لە 22 گوند راگیراوە.