یەکێتیی ئەورووپا داوا لە هەولێر و بەغدا دەکات رێککەوتنی شنگال جێبەجێ بکەن

03-08-2024
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

لە دەیەم ساڵیادی کۆمەڵکوژیی کوردانی ئێزدیدا، یەکێتیی ئەورووپا داوا لە حکومەتەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق دەکات، رێککەوتنی شنگال جێبەجێ بکەن. 
 
فەرمانگەی کاروباری دەرەوە و سیاسەتی ئاساییشی یەکێتیی ئەورووپا، ئەمڕۆ لە راگەیێندراوێکدا گوتی "خەڵکی ئێزدی لە عێراق هێشتا رووبەڕووی زەحمەتیی گەورە دەبنەوە، لەوانەش ئەو بەربەستانەی کە رێگری لە ئاوارەکان دەکەن بگەڕێنەوە ماڵەکانیان، بە دیاریکراوی لە شنگال و نیگەرانی ئەمنی و کەمیی خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییە سەرەتاییەکانن."
 
راگەیێندراوەکە دەڵێت "یەکێتیی ئەورووپا، داوا لە حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات هەنگاو بەرەوپێش بنێن بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنی شنگال، کە ئەوە دەبێتە هۆی باشبوونی بارودۆخی ژیان لە شنگال و، گەڕانەوەی ئاوارەکانی خەڵکی ئێزدی، ئاسان دەکات."
 
ئەمڕۆ 10 ساڵ بەسەر جینۆسایدی کوردانی ئێزدیدا تێدەپەڕێت. لە گەرمەی جەنگی نێوخۆی سووریادا، لە 3ـی ئابی 2014، رێکخراوی بەناو دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش) شاڵاوێکی خوێناویی کردە سەر شنگال و دەوروبەری. لە هێرشەکەدا 11 هەزار و 417 کوردی ئێزدی رفێندران، کۆمەڵکوژ و بێسەروشوێنکران و دوای هێرشەکەش، ژمارەیەکی زۆریان ئاوارەی هەرێمی کوردستان بوون، دواتریش دەیان هەزار کەسیان روویان لە دەرەوە کرد. 
 
سێ ساڵ دوای راگەیاندنی بەزاندنی داعش، حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق لە تشرینی یەکەمی ساڵی 2020 رێککەوتنێکیان بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال واژۆکرد. رێککەوتنەکە دەرکردنی هەموو هێزە چەکدارەکانی حەشدی شەعبی و هێزەکانی نزیک لە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە قەزاکە، لەگەڵ راسپاردنی ئەرکی پاراستنی ئاسایشی شارەکە بە پۆلیس و دەزگەی ئاسایشی نیشتمانی و هەواڵگریی فیدراڵی، هەروەها دانانی قایمقامێکی نوێ بۆ شنگال و ئاوەدانکردنەوەی شارەکە و رەخساندنی زەمینە بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان، لەخۆدەگرێت، بەڵام لەوکاتەوە رێککەوتنەکە بەهۆی ناکۆکیی نێوان هەولێر و بەغدا و ملکەچنەبوونی گرووپە چەکدارەکان، جێبەجێ نەکراوە.
 
یەکێتیی ئەورووپا "ستایشی پابەندبوونی حکومەتی عێراق بە پاراستن و باشکردنی دۆخی رزگاربووە ئێزدییەکان دەکات و پێزانینی بۆ هەوڵەکان هەیە، لەنێویاندا هەوڵەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دابینکردنی چارەسەری بەردەوام بۆ ئەوانەی بەهۆی توندوتیژی و ململانێوە دەربەدەربوون."
 
دەشڵێت "یەکێتیی ئەورووپا پشتیوانی لە کۆمەڵگەی ئێزدی دەکات، لە رێگەی دابینکردنی پشتیوانیی دارایی بەرچاو، بە دیاریکراوی بۆ ئەوانەی کەمپی ئاوارەکان جێدەهێڵن."
 
یەکێتیی ئەورووپا پێیوایە، "دەتوانرێت لە رێگەی چارەسەری هۆشیارانە، سەلامەت، خۆویستانە و شکۆمەندانەوە کۆتایی بە ئاوارەیی بهێنرێت."

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی کۆنسووڵخانەی بەریتانیا لە هەولێر

کۆنسووڵخانەی بەریتانیا بۆ کۆمەڵی دادگەری: هاوڕا نین لەوەی لە هەڵبژاردن ساختەکاری کرابێت

کۆنسووڵخانەی بەریتانیا لە هەولێر رایگەیاند، سکاڵاکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان پێداچوونەوەیان بۆ کراوە و رەتکراونەتەوە؛ ئەوەی کە گوایە کۆنسووڵخانە هاوڕابووە لە هەبوونی ساختەکاری، دوورە لە راستییەوە.