رووداو دیجیتاڵ
ئەو ئاگرەی دارستانی بەشێکی ناوچە شاخاوییەکانی شرنەخی باکووری کوردستانی گرتبووەوە، دوای نزیکەی 8 کاژێر کوژێندرایەوە.
بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، 3ـی ئابی 2025، ئاگر لە دارستانێکی نزیک گوندی گوندکێ مەلێ لە پارێزگای شرنەخ کەوتەوە. تیمەکانی دەزگای ئافاد، بەرگریی شارستانی و بەڕێوەبەرایەتیی دارستانەکان بە هاوکاریی هێزەکانی جەندرمە دەستیان بە هەوڵەکانیان بە مەبەستی کوژاندنەوەی کرد.
بەڕێوەبەرایەتیی دارستانی شرنەخ رایگەیاند، لە رێگەی 30 کارمەند، 14 ئۆتۆمبێلی ئاگرکوژێنەوە، 8 تانکەری ئاو، 4 شۆڤڵ بە هاوئاهەنگیی تیمەکانی دەزگای ئافاد کە بە دوو فڕۆکە بەشداربوون و سێ هێلیکۆپتەری جەندرمە، دوای نزیکەی 8 کاژێر توانرا ئاگرەکە بکوژێننەوە.
فەرماندەیی جەندرمەی شرنەخیش بڵاویکردەوە، هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە نازانرێ.
23ـی تەممووزی 2025 لە سنووری شاری ئەسکیشەهیری تورکیا، لەکاتی کوژاندنەوەی ئاگری دارستانێک، 10 کارمەندی فریاکەوتن گیانیان لەدەستدا؛ 26ـی تەممووزیش دوو کارمەندی ئاگرکوژێنەوە لە ئاگری دارستانێکی پارێزگای بورسا گیانیان لەدەستدا.
6ـی تەممووزی 2025 سەرۆکایەتیی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا بڵاویکردەوە، لە سەرەتای ئەم ساڵەوە 3 هەزار و 181 ئاگرکەوتنەوە تۆمارکراون و هەزار و 351یان لە دارستانەکان و هەزار و 830یشیان لە پوش و پاوان بوون.
بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ و دارستانی تورکیا، پار سێ هەزار و 800 رووداوی ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکانی تورکیا و باکووری کوردستان کەوتنەوە و لە ئەنجامدا 27 هەزار و 900 هێکتار زەوی دارستان و پاوانەکان سووتان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ