پەکەکە و سوپای تورکیا ئاماری مانگی رابردووی شەڕی نێوانیان بڵاودەکەنەوە

03-09-2023
هێمن عەساف
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

ناوەندی چاپەمەنیی و راگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل - هەپەگە، ئاماری شەڕوپێکدادانەکانیان لە دژی هێزەکانی سوپای تورکیا لە خاکی هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لە مانگی رابردوودا 134 سەربازیان کوشتووە و 10 گەریلاش گیانیان لەدەستداوە. وەزارەتی بەرگریی تورکیاش مانگی رابردوو 49 گەریلایان کردووەتە ئامانج. 
 
بەگوێرەی ئامارەکەی هەپەگە لە مانگی ئابدا؛ هێزەکانی سوپای تورکیا 113 جار بە فڕۆکەی شەڕکەر، 40 جار بە هێلیکۆپتەر پێگەکانی پەکەکە-یان بۆردوومان کردووە، سێ لەم بۆردوومانانە چەکی قەدەخەکراو بەکارهێنراوە و بەو هۆیەوە 10 گەریلا گیانیان لەدەستداوە.  
 
لە بەشێکی دیکەی ئامارەکەی هەپەگەدا هاتووە؛ گەریلا 323 جار هێرشی کردووەتە سەر هێزەکانی سوپای تورکیا لە خاکی هەرێمی کوردستان. لەنێویاندا ئۆپەراسیۆنێکی فراوان، 3 چالاکیی دزەکردنە ناو بارەگاکان، 11 هێرشی پارتیزانی، 65 چالاکیی نیشانشکێنی، 81 چالاکیی وەشاندنی گورز و 154 تۆپباران و هاوەنباران. لە ئەنجامی ئەم هێرشانەدا 134 سەرباز کوژران و 23 سەربازی دیکەش بریندار بوون. 
 
هەپەگە دەشڵێت درۆنێک، تۆپهاوێژێک، 3 چادر، 7 کامێرای چاودێری و رەبایەیەک تێکشکێندران و دەستبەسەر کامێرایەکی چاودێریدا گیرا. هەروەها گورز لە هێلیکۆپتەرێکی جۆری سکۆرسکی، 8 شۆڤڵ و 97 رەبایە درا. 
 
لە بەرامبەردا رۆژی 27ـی ئابی 2023دا، عەقید زەکی ئاکتورک گوتەبێژی فەرمانگەی پەیوەندییەکان و راگەیاندنی وەزارەتی بەرگریی تورکیا، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانییدا رایگەیاند، "بە ئامانجی وشککردنی تیرۆر لە رەگوڕیشەوە، بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بەبێ پچڕان و وچان، بەردەوامە".
 
عەقید زەکی ئاکتورک باسی لەوەکردبوو، لە مانگی ئابدا 176 گەریلا لە خاکی هەرێمی کوردستان کراونەتە ئامانج. لە هەشت مانگی ئەمساڵەشدا 601 گەریلا کراونەتە ئامانج. دەستبەسەر 1336 دانە چەکی جۆراوجۆر، 667 هەزار و 547 فیشەکی جۆراوجۆر گیراون. هەروەها 2192 مین و بۆمب پووچەڵ کراونەتەوە و 640 ئەشکەوت و حەشارگە پاککراونەتەوە. 
 
هەر بەگوێرەی راگەیێندراوەکانی وەزارەتی بەرگریی تورکیا، لە مانگی ئابدا نۆ سەربازیان لە رووبەڕووبوونەوەکانیان لە بەرامبەر گەریلاکانی پەکەکەدا کوژراون. 
 
ئەم شەڕ و پێکدادانە لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنێکدایە تورکیا ناوی ناوە چنگ- قوفڵ کە بەرەبەیانی رۆژی 18ـی نیسانی 2022 لە ناوچەکانی ئاڤاشین، مەتین و زاپ لە خاکی هەرێمی کوردستان بۆ سەر پێگەکانی پەکەکە دەستیپێکرد.
 
وەزارەتی بەرگریی تورکیا گیانلەدەستدانی 674 گەریلا و کوژرانی 104 سەربازی سوپای وڵاتەکەی راگەیاندووە؛ هەپەگەش کوژرانی دوو هەزار و 996 سەربازی تورکیا و گیانلەدەستدانی 373 گەریلای راگەیاندووە.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی

جێگری پارێزگاری سلێمانی: هاوئاهەنگییەکەی تۆڕی میدیایی رووداو کارەکانی باشتر کرد

جێگری پارێزگاری سلێمانی ستایشی رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات لە بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵ و دەڵێ، ئەو هاوئاهەنگییەی رووداو دروستی کرد، کارەکانی گەورەتر و باشتر کرد؛ ئاماژە بەوەش دەکات، قەرەبووەکە ماڵ، کاسبکار، ئۆتۆمبێل و فەرمانگە حکومییەکانیش دەگرێتەوە.