رووداو دیجیتاڵ
مامۆستایانی وانەبێژ لەبەردەم بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی سلێمانی گردبوونەوە و داوای دامەزراندنی هەمیشەیی دەکەن. نوێنەرێکی وانەبێژان دەڵێت، ''هەشت ساڵە چاوەڕێین گوێ لە داواکارییەکانمان بگیرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا وەڵام نەدراوینەتەوە.''
ئەمڕۆ یەکشەممە، 03-09-2023، یەکەم رۆژی دەستبەکاربوونی مامۆستایان بۆ ساڵی خوێندنی 2023-2024ە، بەڵام بەشێک لە مامۆستایانی وانەبێژ لە بەردەم بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی سلێمانی گردبوونەوە.
زیاتر لە 36 هەزار وانەبێژ لە هەرێمی کوردستاندا هەن و چەند ساڵێکە داوای دامەزراندن دەکەن. نوێنەرێکی مامۆستایانی وانەبێژ بە ناوی کارزان بە ئەرکان عەلی، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ''هەشت ساڵە ئێمە دەنگ بەرز دەکەینەوە کە ئاوڕ لە وانەبێژان بدرێتەوە، بەڵام بەداخەوە تاوەکو ئێستا کەس بە دەم داواکارییەکانمانەوە نەهاتووە.''
وەک ئەو مامۆستایە دەڵێت، لەلایەن مامۆستایانی وانەبێژەوە چەندین یاداشت وەکو داواکاری دراوەتە بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان؛ چەندین خۆپێشاندانیش کراون، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ وەڵامێکیان وەرنەگرتووەتەوە.
ئەو نوێنەرەی مامۆستایانی وانەبێژ گوتیشی، دۆخی ژیانی وانەبێژان رۆژ بە رۆژ بەرەو خراپی دەچێت و رایگەیاند، ''ناکرێت 29٪ـی کەرتی وەزارەتی پەروەردە بریتی بێت لە مامۆستایانی وانەبێژ کە زیاتر لە 35 هەزار کەسن، بەڵام نەکرێن بە هەمیشەیی.''
پێشتر وانەبێژان داوای دامەزراندنیان بە شێوەی گرێبەست دەکرد، وەزارەتی پەروەردە و وەزارەتی دارایی هەنگاویان بەرەو بەگرێبەستکردنی وانەبێژان ناوە، بەڵام بەشێکیان گرێبەستیش رەتدەکەنەوە و داوای دامەزراندنی هەمیشەیی دەکەن.
مامۆستا کارزان ئەوەشی خستەڕوو کە ''هیچ کات مامۆستایەک خواستی ئەوەی نییە بایکۆت بکات، یان قوتابییەکانی کە بەشێکن لە جەرگی خۆی، جێیان بهێڵێت، بەڵام حکومەتی هەرێمی کوردستان ناچارمان دەکات بێینە شەقام و داوای مافەکانمان بکەین و دەنگ بەرز بکەینەوە.''
مووچەی وانەبێژان لە نێوان 200 بۆ 400 هەزار دیناردایە و بە گریبەستکردن یان دامەزراندنیان مووچەکەیان بەگوێرەی بڕوانامەکانیان زیاتر دەبێت. کۆی پارەی مووچەکەشیان لە مانگێکدا 13 ملیار و 200 ملیۆن دینارە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ