رووداو دیجیتاڵ
ئاگری دارستانەکانی شارۆچکەی ئۆرتو-ی سەر بە پارێزگای بەدلیس لە باکووری کوردستان کوژێندرایەوە.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی دارستانەکانی بەدلیس رایگەیاندبوو، ئێوارەی 2ـی ئەیلوولی 2023، ئاگر لە دارستانەکانی گوندی پاپشەن سەر بە شارۆچکەی ئۆرتو لە پارێزگای بەدلیس کەوتەوە. تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە له رێگەی ئامێرە جیاوازەکانەوە، هەوڵی کوژاندنەوەی ئاگرەکانیان دا، بەڵام بەهۆی خێرایی باوە، ئاگرەکە تەشەنەی کردبوو.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، دوای زیاتر لە 14 کاژێر لە هەوڵی تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە، کە لە ناوچەیەکی سەختی بەرزاییەکاندا کەوتبووەوە، ئاگرەکە کوژێندرایەوە.
بۆ کوژاندنەوەی ئاگری دارستانەکان؛ 16 ئۆتۆمبێلی ئاگرکوژێنەوە، سێ تانکەری گەورەی ئاو، 12 شۆفڵ و 126 کارمەند رەوانەی شوێنی ئاگرکەوتنەوەکە کران.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی دارستانەکانی بەدلیس رایگەیاند، زیاتر لە 12 هێکتار زەوی دارستانەکانی بەدلیس سووتان و تیمەکان سەرقاڵی ساردکردنەوەی شوێنی ئاگرەکانن.
رۆژی 29ی تەممووزی 2023، ئیبراهیم یوماکڵی، وەزیری کشتوکاڵ و دارستانی تورکیا رایگەیاند، لە هەزار و 22 رووداوی ئاگرکەوتنەوەدا کە ئەمساڵ لە سەرتاسەری تورکیا و باکووری کوردستان روویانداوە، نزیکەی شەش هەزار و 900 هێکتار دارستان و پاوان سووتاون.
رۆژی 6ی حوزەیرانی 2023، یەکەم ئاگر لە دارستانەکانی پارێزگای موغڵا کەوتەوە. ساڵی رابردوو، 203 ئاگر لەدارستانەکانی 31 پارێزگای تورکیا و باکووری کوردستان کەوتنەوە. بەهۆیەوە 10 هەزار و 446 هێکتار زەوی دارستانەکان زیانیان بەرکەوت و 149 کەس بریندار بوون و سێ کەس گیانیان لەدەستداوە، یەکێکیان هاووڵاتی تورکیا و دووانیانیشیان هاووڵاتیی رووسیایی بوون.
لە 2021، ئاگر لە 299 دارستانی 53 پارێزگای باکووری کوردستان و تورکیا کەوتەوە. لە ئەنجامدا، 178 هەزار هێکتار زەوی دارستانەکان سووتان. هەشت کەس گیانیان لەدەستدا و هەزار و 510 کەس برینداربوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ