رووداو دیجیتاڵ
لە سێوازی باکووری کوردستان تەرزە زیانی بە ژمارەیەکی زۆر ئۆتۆمبێل و ماڵ و حاڵی هاونیشتمانییان گەیاند.
ئێوارەی رۆژی 2ـی ئەیلوولی 2023، شەپۆلێکی بەهێزی بارانی بەلێزمە، شارۆچکەکانی ئاڵتن یایڵا، کۆچگیری و گەمەرەکی لە پارێزگای سێواز گرتەوە و بووە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو لە چەند گەڕەک و کێڵگەیەکی گوندەکانی دەوروبەری شارۆچکەکان.
دواتر لە شارۆچکەی ئاڵتن یایڵا، تەرزەیەکی زۆر باری و تەواوی شەقامەکانی لە ماوەیەکی زۆر کەمدا سپیپۆش کرد. خێرایی تەرزەبارین و گەورەیی قەبارەی تەرزەکە زیانی زۆری بە ئۆتۆمبێل و خانووبەرەی هاونیشتمانیان گەیاند.
بەشێک لە هاونیشتمانییان، گرتەی ڤیدیۆیی کاتی تەرزەبارینەکانیان لە سۆشیاڵ میدیا بڵاوکردەوە و تێیدا دەردەکەوێت لە هەندێک شوێندا، قەبارەی تەرزەکان هێندەی هێلکەیەک دەبوو.
هەرچەندە تەرزەبارینەکە 15 خولەکی خایاند، بەڵام تەواوی ناوچەکەی سپیپۆش کرد و زیانی زۆریشی بە موڵکی هاونیشتمانییان گەیاند.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی تورکیا بڵاویکردەوە، شەپۆڵی بارانبارینەکە ئەمڕۆ یەکشەممە، 3ـی ئەیلوولی 2023یش بەردەوام دەبێت و هەریەک لە پارێزگاکانی سێواز، قەرس، ئەرزەڕۆم و ئەردەخان-یش دەگرێتەوە و پێشبینی روودانی لافاو لە پارێزگای ئەرزەڕۆم دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ