لە کەرکووک حەوت ئەندامی هێزە ئەمنییەکان بە تۆمەتی تەقەکردن لە خۆپێشاندەران دەستگیرکران

03-09-2023
سۆران حوسێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

بە تۆمەتی تەقەکردن لە خۆپیشاندەرانی کورد لە خۆپێشاندانەکەی دوێنیی کەرکووک، حەوت ئەندامی هێزە ئەمنییەکان دەستگیرکران.
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو کە لە هێزە ئەمنییەکانی کەرکووک وەریگرتووە، بە تۆمەتی شەهیدکردن و بریندارکردنی خۆپێشاندەرانی کەرکووک، لە دوێنێ شەممەوە تاوەکو ئەمڕۆ 3ـی ئەیلوولی 2023 حەوت کەس لە ئەندامانی هێزە ئەمنییەکان دەستگیرکراون.
 
تاوەکو ئێستا لایەنە پەیوەندیدارەکانی کەرکووک دەستگیرکردنی هیچ ئەندامێکی هێزە ئەمنییەکانیان بە فەرمی رانەگەیاندووە، بەڵام سەرچاوەکەی رووداو گوتی، "حەوت کەس دەستگیرکراون و لەژێر لێکۆڵینەوە و لێپرسینەوەدان".
 
کاژێر 05:00ـی ئێوارەی دوێنێ دژی داخستنی رێگەی کەرکووک – هەولێر لەلایەن هەندێک عەرەب و تورکمانی دانیشتووی کەرکووکەوە، بەشێک لە کوردانی دانیشتووی ئەو شارە خۆپێشاندانیان کرد، هێزە ئەمنییەکانی کەرکووک لە مامەڵەکردن لەگەڵ ناڕەزایی خەڵکدا جیاکارییان کرد و وەڵامی خۆپێشاندەرانی کوردیان بە گوللە دایەوە. عامر شوانی گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیای رووداوی گوت، "بەگوێرەی دوایین ئاماری بەردەستمان، دوێنێ چوار کەس کوژراون و 15 کەسی دیکەش بریندار بوون".
 
دەستگیرکردنی حەوت کەس بە تۆمەتی تەقەکردن لە هاونیشتمانیانی کەرکووک لەکاتێکدایە، شەهیدکردنی چوار هاونیشتمانی و بریندارکردنی 15ـی دیکە ناڕەزایی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و لایەنە سیاسییەکانی دیکەی لێکەوتەوە.
 
شەوی رابردوو نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق باسیان لە دۆخی کەرکووک کرد، لەوبارەیەوە سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا "هه‌ردوولا داكۆکييان له‌وه‌ كرده‌وه‌؛ ده‌بێت لايه‌نه‌ ئه‌منييه‌كانى شاره‌كه،‌ بێ جياوازى ئارامى و سه‌قامگيريى هه‌موو پێكهاته‌كانى كه‌ركووك بپارێزن و رێگه‌ له‌ پشێوى و ئاڵۆزكردنى زياترى دۆخى ئه‌منيى شاره‌كه‌ بگيرێت، هه‌روه‌ها به‌دواداچوون و لێپێچينه‌وه‌ى ياسايى به‌رامبه‌ر ته‌قه‌كه‌ران بكرێت، كه شه‌هيد و بريندارى لێكه‌وته‌وه‌."
 
لە 27ـی ئابەوە بەشێکی عەرەبی کەرکووک رێگەی سەرەکی شارەکەیان و هەولێریان داخستبوو، لەسەر رێگەکە چادریان هەڵدابوو پاساویان ئەوەبوو کە دژی گێڕانەوەی بارەگاکانی پارتی دیموکراتی کوردستانن لە کەرکووک، کە لە دوای رووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەری 2017ـەوە لەلایەن هێزە عێراقییەکانەوە دەستیان بەسەردا گیراوە.
 
دوای گیانلەدەستدانی چوار هاونیشتمانی و برینداربوونی 15ـی دیکە، ئەمڕۆ چادری عەرەبەکان لابرا و رێگەی کەرکووک – هەولێر کرایەوە، هاوکات ئەو قەدەخەی هاتووچۆیەی دوێنێ بۆ ماوەی 24 کاژێر لە کەرکووک راگەیێندرا، ئەمڕۆ هەڵگیرا و کۆتاییهات.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئەو کچەی یانەی زاخۆی بە هەموو دنیا ناساند

یانەی زاخۆ وەک یەکەم یانەی ئاسیا خەڵاتی باشترین هاندەری فیفای بردەوە

فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهانی (فیفا) خەڵاتی باشترین هاندەری 2025ـی بە یانەی زاخۆ بەخشی، ئەمەش دوای ئەوەی هاندەرانی یانەکە دەیان هەزار بووکەڵە و یاریی منداڵانیان هەڵدایە نێو یاریگە و دواتر بە منداڵانی نەخۆش بەخشران.