رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە ئەمشەو شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پرسی داهاتی نانەوتی سەردانی بەغدا بکات. سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی دەڵێت: "ناکۆکییەکانمان لەسەر داهاتی باج، رسوومات و دەروازەکانە".
هەولێر و بەغدا بۆ مووچەی مانگەکانی ئایار و حوزەیران لەسەر رادەستکردنی 120 ملیار دیناری داهاتی نانەوتی لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بە حکومەتی عێراق رێککەوتبوون و مووچەی هەردوو مانگەکەش نێردرا. کۆبوونەوەکان بەردەوامن بۆ یەکلاییکردنەوەی رادەستکردنی داهاتی نانەوتی و بەندەکانی دیکە، بۆ ئەوەی مووچەی مانگەکانی دیکەش بنێردرێت.
رۆژی چوارشەممە، 03ـی ئەیلوولی 2025، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە ماوەی رابردوودا، چەندین کۆبوونەوە لەسەر داهاتی نانەوتیی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغدا کراوە، بەڵام نەگەیشتوونەتە رێککەوتن، بۆ ئەم مەبەستە بڕیارە ئەمشەو شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا بکات".
بە گوتەی ئەو سەرچاوەیە، بڕیارە سبەی لە بەغدا درێژە بە کۆبوونەوەکانی دوو هەفتەی رابردوو بدرێت.
شاندەکە پێکهاتووە لە: ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران؛ کۆڤان تەحسین، بەڕێوەبەری گشتیی ژمێرکاری لە وەزارەتی دارایی و چەند بەڕێوەبەرێکی دیکەی وەزارەتی دارایی.
ناکۆکییەکانی بەغدا و هەولێر لەسەر چین؟
ئەو بەرپرسەی وەزارەتی دارایی گوتی: "ناکۆکییەکان لەسەر داهاتی باج، دەروازەکان و رسووماتە؛ بەغدا داوا لە هەرێمی کوردستان دەکات 100٪ـی داهاتی باج و رسوومات رادەست بکات؛ هەرێمی کوردستانیش ئەمە قبووڵ ناکات، بەڵام لەسەر 50٪ـی داهاتی دەروازەکان رێککەوتوون".
لەبارەی داواکارییەکانی هەرێمی کوردستان، سەرچاوەکەی رووداو ئاشکرای کرد: "هەرێمی کوردستان دەڵێت، 50٪ـی داهاتی باج و دەروازەکان رادەست دەکەین؛ بەڵام تەواوی داهاتی رسوومات بۆ هەرێمی کوردستانە".
ئەو سەرچاوەیە گوتی: "بڕیارە سبەی لە کۆبوونەوەکەدا ئەم تەوەرانە تاوتوێ بکرێنەوە".
پرسی داهاتی نانەوتی یەکێک لەو مژارانەیە دەبێت یەکلایی بکرێتەوە. پرسێکی دیکە رادەستکردنی نەوتە بە کۆمپانیای سۆمۆ لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە کە ئەویش یەکلایی نەکراوەتەوە.
رۆژی 19ـی ئابی 2025، شاندێکی وەزارەتی دارایی لەگەڵ لیژنەیەکی وەزاریی حکومەتی عێراق و رۆژی دواتریش لەگەڵ وەزیری دارایی کۆبوونەوە، بەڵام نەگەیشتنە رێککەوتن.
رۆژی 24ی ئابی 2025ـیش، شاندێکی هەرێمی کوردستان بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی داهاتی نانەوتیی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدای کردەوە و لەگەڵ تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق کۆبووەوە، بەڵام نەگەیشتنە رێککەوتن.
ناکۆکی سەرەکیی نێوان هەولێر و بەغدا لەبارەی رێژەی داهاتی نانەوتی رادەستکراوە. بەغدا داوای تەواوی داهاتی رسوومات، 50٪ـی داهاتی دەروازە سنوورییەکان و دامەزراوە فیدراڵییەکان دەکات، بەڵام هەرێمی کوردستان رسوومات بە پشکی خۆی دەزانێت و 50٪ـی داهاتی گومرگی دەروازە سنوورییەکان و 50٪ـی بەشێک لە باجەکان بە پشکی بەغدا دەزانێت.
سەرچاوەیەکی ئاگاداری دانوستاندنەکان لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لیژنەیەکی تایبەت بە سەرۆکایەتیی محەممەد تەمیم، وەزیری پلاندانانی عێراق و بە بەشداریی نوێنەری یاسایی سەرۆکوەزیرانی فیدراڵ، لەو کۆبوونەوانەدا بەشدار دەبن یان سەرپەرشتیی دەکەن. ئەگەر تیمەکانی هەولێر و بەغدا رێکنەکەوتن، راپۆرتێک لەبارەی جیاوازییەکانیان لە ماوەی یەک هەفتەدا دەدەنە سەرۆکوەزیران، بۆ ئەوەی بڕیاری لەبارەوە بدرێت".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ