باوکی ئەو تۆمەتبارەی لە شێخان کوژرا: کوڕەکەم بازرگانی مادەی هۆشبەر نەبوو

03-09-2025
پەیمان محەممەد
باوکی ئەو کەسەی لە رووبەڕووبوونەوەی ئاسایش کوژرا،
باوکی ئەو کەسەی لە رووبەڕووبوونەوەی ئاسایش کوژرا،
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

باوکی ئەو تۆمەتبارەی لەکاتی دەستگیرکردنی لە شێخان کوژرا دەڵێت، کوڕەکەی بازرگانی مادەی هۆشبەر نەبووە؛ هاوژینەکەیشی رەتی دەکاتەوە تۆمەتبار تەقەی کردبێت، ''بەڵکو ئەو دوو ئەندامەی ئاسایش بە تەقەی خۆیان کوژراون.''
 
شەوی سێشەممە 02-09-2025، هێزێکی ئاسایش لە قەزای شێخان لەکاتی هەوڵدان بۆ دەستگیرکردنی داواکراوێک، تەقەیان لێکرا و بەهۆیەوە دوو ئەندامی ئاسایش گیانیان لەدەستدا و تۆمەتبارەکەش کوژرا.
 
سەرەتا سەردار شێخ یەحیا، قایمقامی شێخان بە روودای گوت، داواکراوەکە بازرگانێکی گەورەی مادەی هۆشبەر بووە، بەڵام مەحموود عومەر حوسێن، باوکی تۆمەتبار لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 17:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە شەهیان تەحسین پێشکێشیکرد، رایگەیاند، ''ئامادەم دەست بە قورئاندا بدەم کە کوڕەکەم مادەی هۆشبەری هەر نەبینیوە.''
 
سەردار شێخ یەحیا باسی لەوەش کردبوو، تۆمەتبارەکە خەڵکی ناحیەی قەسرۆک بوو و پێنج ساڵە هێزە ئەمنییەکان چاودێری دەکەن. بەگوتەی مەحموود عومەر، ئەوە یەکەم جار بووە تۆمەتبار لە فەرمانی دەستگیرکردنەکەی ئاگادار کراوەتەوە و دەڵێت: ''پێشتر لە هیچ بازگەیەک رانەگیراوە یان داوامان لێنەکراوە رادەستی بکەین.'' 
 
باوکی تۆمەتبارەکە دەڵێت، کاری کوڕەکەی لەکاتی شەڕی داعشدا دروستکردنەوەی چەک بووە بۆ هێزەکانی پێشمەرگە و دواتر رووی کردووەتە کشتوکاڵ، ''هیچ پەیوەندییەکی بە بازرگانیی چەک یان مادەی هۆشبەرەوە نەبووە.''
 
مەحموود عومەر ئاماژەی بەوەشکرد، تۆمەتبار پێشمەرگە بووە و مووچەی پێشمەرگایەتی هەبووە، ''ئەو تەقەی نەکردووە و لەکاتی شەڕەکەدا لەوانەیە جگە لە دەمانچەیەک هیچ چەکێکی دیکەی پێ نەبووبێت''.
 
ئەو هاونیشتمانییە داوا لە بەرپرسان دەکات بێنە سەرهێڵ، بۆ ئەوەی هۆکاری کوژرانی کوڕەکەی روونبکرێتەوە.
 
هاوکات لەیلێ سولەیمان، هاوژینی تۆمەتبار کە لە کاتی شەڕەکەدا لەگەڵ منداڵەکانی و هاوژینەکەی لەو ئۆتۆمبێلەدا بووە کە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە تەقەی لێکرا، بە رووداوی گوت، ''لە ئاهەنگی بووکگواستنەوە هاتینە دەرەوە و کەوتینە بۆسەی هێزە ئەمنییەکان. هەرچەندە نزیک بووین، بەڵام نەیانگوت دابەزن، بەڵکو یەکسەر ئۆتۆمبێلیان لە هەردوو تەنیشتەوە بە ئۆتۆمبێلەکەماندا کێشا و تەقەیان کرد.''
 
بەگوتەی لەیلێ سولەیمان بەهۆی تەقەی هێزە ئەمنییەکانەوە، کچە تەمەن 15 ساڵانەکەی بریندار بووە و گوللە بەر رانی کەوتووە، ''منداڵەکانم لە ئۆتۆمبێلەکە دابەزاندن و رزگارم کردن، بەڵام پیاوەکەمیان بە بەرچاوی منداڵەکانەوە کوشت.''
 
هاوژینی تۆمەتبارەکە ئەوەشی خستەڕوو، بەر لەوەی بچنە ئاهەنگەکە، سەردانی دهۆک، هەولێر و شێخانیان کردووە، ''ئەی بۆ ئەوکات دەستگیریان نەدەکرد؟ پیاوەکەم بازرگانی مادەی هۆشبەر نەبووە، ئەگەر بەو شێوەیەیە کە دەیڵێن، کوا بەڵگەیان؟''
 
لەیلێ سولەیمان رەتیدەکاتەوە هاوژینەکەی تەقەی لە ئەندامانی ئاسایش کردبێت و گوتی، ''دڵنیام ئەوان بە تەقەی خۆیان گوللەیان بەرکەوتووە و کوژراون''. 
 
قسەکانی هاوژینی تۆمەتبار لەکاتێکدان کە بەگوتەی قایمقامی شێخان، هێزەکانی ئاسایش لە بەردەم هۆڵەکەی ئاهەنگگێڕان چاوەڕێ بوون تاوەکو تۆمەتبار بێتە دەرەوە، کاتێک هاتووەتە دەرەوە، داوایان لێکردووە خۆی رادەستبکات، بەڵام ئەو دەستبەجێ تەقەی لە هێزەکە کردووە.
 
جیا لە کوژرانی تۆمەتبار و دوو ئەندامی هێزەکانی ئاسایش، سێ کارمەندی دیکەی هێزەکەش بەهۆی شەڕەکەوە بریندارن.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی

جێگری پارێزگاری سلێمانی: هاوئاهەنگییەکەی تۆڕی میدیایی رووداو کارەکانی باشتر کرد

جێگری پارێزگاری سلێمانی ستایشی رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات لە بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵ و دەڵێ، ئەو هاوئاهەنگییەی رووداو دروستی کرد، کارەکانی گەورەتر و باشتر کرد؛ ئاماژە بەوەش دەکات، قەرەبووەکە ماڵ، کاسبکار، ئۆتۆمبێل و فەرمانگە حکومییەکانیش دەگرێتەوە.